چاونیوز: ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩، ژمارەیەک کاسبکاری کورد لە بەرزاییەکانی سنووری شاری شنۆ، کرانە ئامانجی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، ٢٠سەر ئەسپی کاسبکاران لە ناوچوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران لە شوێنێک بە ناوی “کانی خومارۆ” لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە نزیک بەرزاییەکانی کێلەشێنی شاری شنۆ، تەقەیان لە کاسبکاران کردووە. ئەو ٢٠ سەر ئەسپە، هی کاسبکارانی ناوچەی سەڵماس بوونە.
ئەو سەرچاوەیە وتی: “پاش ئەو ڕووداوە، کاسبکاران بەهۆی دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران، لە ترسی گیانیان هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان”.
لەم چەند ڕۆژی رابردوو لە زۆربەی سنوورەکانی کوردستان هێزە نیزامییەکان بە قەستی کوشتن هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر کاسبکاران بە جۆرێک کە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.