چاونیوز: هاونیشتمانییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بەبێ هیچ هۆکارێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری نەغەدە بریندار کرا.
بەپیێ هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، شەوی ٣٠ی سەرماوەز(شەوی یەڵدا)ی ١٣٩٩، هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی عەلی عارفی ٢٥ ساڵە دانیشتووی گەڕەکی سەیداوە، لە شەوی یەڵدادا بۆ سەردان دەچێتە نەغەدە کە لە وروودی شاری نەغەدە بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون لەلایەن هێزی ئینتزامی تەقەی ڕاستەوخۆ لە ماشێنەکەی دەکرێ و بە سەختی بریندار دەبێ.
سەرچاوەیەک لە شاری شنۆ بە چاونیوزی ڕاگەیاند: عەلی عارفی نە کاسبکار بووە کە باری پێبووبی، نە کەسێکی سیاسی بووە کە جێگای گومان بی، تەنیا بە دیتنی ئەو هەمووە هێزەی کەمینیان دانابۆوە دەترسێ و خێرایی ماشینەکەی زیاد دەکا، کە لە ئاکام دا تەقەی لێدەکرێ و چوار فیشەکی وەبەر دەکەوێ.
ئەو سەرچاوەی گوتی: دوای ڕاگرتن و لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت کە ئەمە شارۆمەندێکی ئاسایی بووە و خێرا ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراو و ئێستا لەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.