ناوەڕاستەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ، هاونیشتمانییەکی ٢٦ ساڵە خەڵکی ورمێ بە ناوی “ناسر بەکرزادە”، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “نەجەفزادە”، بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” بە سێدارە حوکم درا.
ئەم هاونیشتمانییە لاوە، ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای چەند هەفتە لێپرسینەوە، بە دانی بەڵێننامە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. پاشان ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای (پادگانی ئەلمەهدی) ورمێ، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
لەم پەیوەندییەدا، سێ هاونیشتمانیی تر بە ناوەکانی “ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی” خەڵکی گوندی “دۆڵە گەرمە” سەر بە شاری سەردەشت و هەروەها “ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد” خەڵکی سلێمانیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل”، سەرەتاکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە سێدارە حوکم دران.