چاونیوز: ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “لەرینی” سەر بە شاری سیروان لە پاریزگای ئیلام بە ناوی “ئەمیر حوسێن حاتەمی” ٢٢ ساڵە ، لە ژێر ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی بەندیخانەی تارانی گەورەوە گیانی لەدەست دا.
“ئەمیر حوسێن حاتەمی” چەند ڕۆژ لەمەوبەر، دوای شەڕکردن کردن دەگەڵ کەسێکی دیکە، لەلایەن مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرابوو و لەوێ بە چەند کەس لە هێزە نیزامییەکان کەوتبوونە گیانی ئەو لاوە و کۆتاییان بە ژیانی هێنابوو، دواتر بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە بچن و تەرمەکەی وەربگرنەوە.
بەڵام بنەماڵە و بەشێک لە چالاکان و خزموکەسی ئەو هاونیشتمانییە لە بەرانبەر زیندانی تارانی گەورە کۆ بوونەوە و سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییە ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری ئەوە بوون کە چۆنیەتی کوشتنی “ئەمیر حوسێن” ڕوون بکەنەوە.
بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی تاران و دەزگای داد لە ئاست ئەم کوشتنە گوماناوی و بەئانقەستە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.