چاونیوز: سەرەڕای مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کارگەی لاستیکی” بارز” کاری ڕۆژانەی خۆی ڕاناگرێت و ئەمەش ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەو کارگەی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندیی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گێڕانەوە لە کوردستان و کورد، کارگەی لاستیک دروست کردنی “بارز” لە شاری سنە سەرەڕای داواکاری کرێکارەکانی بۆ داخستنی کارگەکە لە مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنا کاری ڕۆژانەی خۆی ڕاناگرێت.
جێی ئاماژەیە ئەم کارگەیە ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ هەزار تەگەری ماشینی تێدا دروست دەکرێ و بەرپرسانی نایانهەوێ کاری کرێکارەکان ڕابگرن، نەکا ڕێژەی دروست کردنی تەگەرەکان کەم بکا. ئەمە لە حاڵێکدایە وەک دەگوترێ کە بەرپرسانی کارگەکە خۆیان لە شوێنی پارێزراو قەرەنتینە کردوە و هەڕەشەی دەرکردن لە کرێکارەکان دەکەن ئەگەر لەسەر کارەکانیان ئامادە نەبن.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا بە ئێران و شارەکانی کوردستاندا، بەشی زۆری کارگەکان، دوکان و بازاڕەکان کارەکانیان ڕاگیراوە و داواش لە خەڵک کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانن پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن، بەڵام لە هێندێک شوێن بەرپرسەکان تەنیا لە خەمی ماڵ و داهاتی خۆیاندان و پاراستنی گیانی خەڵکیان بە لاوە گرینگ نییە.