چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی پیرانشار دوای ١٢٨ ڕۆژ لە گرتنیان هەروا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، دوو هاونیشتمانی خەڵکی ئاوایی “پەسوێ” سەر بە شاری پیرانشار بەناوەکانی “ئەنوەر شێخە” ٤٥ ساڵە کوڕی عەلی و “لوقمان عەزیزی” ٣٠ ساڵە کوڕی عەزیز دوای تێپەڕینی ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەست دانییە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو دوو بنەماڵەیە بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاندووە: ئەم دوو هاونیشتمانییە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون و بنەماڵەی ئەم دوو کەسە چەندین جار سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردووە بەڵام هیچ هەواڵێکیان پێ نەداون و ئیزنی چاوپێکەوتنیشیان پێنەدراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی باس کرد کە، بنەماڵەکەی هەوڵی ئەوەیان داوە پارێزەریان بۆ بگرن بەڵام ئیتلاعات ئیزنی نەداوە و ئێستا لە نیگەرانییەکی زۆردان.