عەبدورەحمان ئیبڕاهیمی، یەکێک لە گیراوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە تاوانی خۆشیدەربڕین سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوور گیراون، چارەنووسی ناڕوونە.
بنەماڵەی عەبدوڕەحمان ئیبراهیمی (ناسراو بە ئەمیر) دەڵێن دوای ڕەشبگیرەکەی ڕۆژی 3ی رەزبەر کوڕەکەیان ون و بێ سەروشوێن بوو، پاش ماوەیەک چەند هاوڕێیەکی کە ئەوانیش سەر و سۆراغیان نەبوو زاندرا کە لە زیندانی ئیتلاعات دان، بەڵام سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی ئەوان هیچ زانیارییەکیان لە کوڕەکەیان دەست نەکەوتوە.
ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەشبگیری ئەم دواییانەیان کە سەبارەت بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کردوویانە، سەدان کەسیان دەسبەسەر کردوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێرانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لەو بەندکراونە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی بەنووسراوە، یان بە دانانی بارمتەی ماڵی بە شێوەی کاتی ئازاد بوون، بەڵام دەیان کەسی دیکە لەوان هێشتا گیراون و چارەنووسی زۆر لەوان ناڕوونە.