ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز”: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی ڕەشەمە، محیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ لەسێدارە درا.
ئەو هاونیشتمانییە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦، دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بریندار بوو و دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدولشوهەدای ورمێ گواسترایەوە. ناوبراو ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.
محیەدین ئیبراهیمی ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ڕێژیم لە ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و عەلیڕەزا ئاقازادە، بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.
محیەدین ئیبراهیمی، کوڕی محەممەد کە ئەویش لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی لەلایەن سپای پاسدارانەوە گیانی لێ ئەستێندراوە، هەروەها برایەکی دیکەشی بەناوی نورەددین کە کۆڵبەر بوو چەند ساڵ لەمەوبەر بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری شنۆ گیانی لەدەست دابوو.