مامۆستا مەلا محەممەد ئەدیبی، کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری شاری بانە کە لەو ماوەیەدا زۆر بو توندی کەوتبووە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بە ناچار وڵاتی بە جێهشت.
مامۆستا مەلا محەممەد ئەدیبی پێشنوێژ و مامۆستای ئایینیی گوندی کەوپێچ بوو کە بە وتار و هەڵوێستە تایبەتییەکانی لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژ لە کوردستان ببووە هۆی تووڕەیی کاربەدەستانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان. ناوبراو لەو ماویەدا دووجار بانگ کرایە دادگای ڕوحانییەت لە هەمەدان و سەبارەت بە هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خرایە ژێر فشارەوە.
مامۆستا مەلا محەممەد ئەدیبی چ سەبارەت بە دۆخی نالەباری کۆڵبەران و سیاسەتی کوشتاری کاسبکارانی کورد و چ لە مانگرتنە 26 ڕۆژییەکەی خەڵکی شاری بانە لە هەمبەر داخستنی دەروازە سنوورییەکان لە ڕیزی پێشەوەی خەڵکەکە بوو، ئەوەش نابراوی کردبووە خۆشەویست و جێی متمانەی زیاتری خەڵک، هاوکات ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لە ناوبراو تووڕە کردبوو.
مامۆستا مەلا محەممەد ئەدیبی لە هەموو ئەو قەیران و کێشانەدا کە لە سۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ خەڵکی بانە و ناوچە ساز دەبوو، تریبوونی مزگەوتی دەکردە شوێنی داکۆکی لە مافەکانی خەڵک و لەقاودانی ئەو سیاسەتە دژی گەلییانەی ڕێژیم و لەو ڕێگەیەوە خەڵکی ڕێنوێنی دەکرد؛ بەڵام دواجار لەبەر زیاتربوونی فشارەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان ناچار بوو وڵات جێبهێڵێ.
شایانی باسە کە لە ساڵدا دەیان تێکۆشەر و خەباتکار و کەسانی بە هەڵوێست لە ئێران لە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا بە ناچار وڵات جێ دەهێڵن و لە دەرەوەی ئێران درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەدەن.