ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی دەڤەری سەڵماس بەناوی “شۆرش خەرگووشی” ٣٣ ساڵە بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی ئێران لە سنووری شاری بانە کوژرا.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بەناوی “میرزا ئەحمەدی” خەڵکی شاری بانە هەر لە سنووری ئەو شارە بە دەستڕێژی هێزەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵ، لانیکەم ١٠٤ کۆڵبەر و کاسبکار تەنیا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێرانی کوژراون یان بریندار کراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە؛ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەردانی کردنی ئەم سنوورە فەرمانی کردنەوەی ئەو ڕێڕەوەی دابوو و لە قسەکانیشی دا باسی ئەوەیکردبوو: لە دەولەتی سێزدەهەمدا هەوڵ دەدەین بە کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە سنوورییە، ئەمنییەتی کۆڵبەرەکان بپارێزین!