دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسین پەناهی لە گوندی “قڕوچیای” شاری دێولان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری چاونیوز ڕۆژی پێنجشەممە، 22ی پووشپەڕ، “عەباس حوسێنپەناهی” کە سەردانی باوک و دایکی ڕامین حوسێن پەناهیی کردبوو، لە ماڵی ئەوان دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕیش، ئەندامێکی دیکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی “کەیوان حوسێنپەناهی” کە ئامۆزای رامین حوسێنپەناهییە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە دوای رووداوەکەی ٢ی پووشپەڕ و دەستبەسەرکردنی رامین حسێنپەناهی بە برینداری، تا ئێستا ٥ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە ناوەکانی “زوبەیر، ئەحمەد، ئەنوەر، ئەفشین، عەباس و کەیوان” لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون کە تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چارەنووسی چوار کەس لەوان ناڕوونە.