چاونیوز: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی شاردنەوەی بە ئانقەستی گلکۆی سێ زیندانی سیاسی کورد ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار مرادی و لوقمان مرادی بە پێشێل کردنی بڕگەی ١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەیلی مەدەنی و سیاسی دادەنێت.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە کە، ژان و ئازاری ڕوحی و دەروونی بنەماڵەکانی ئەو سێ ئێعدام کراوە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەئانقەستە و ئەمە لە بڕگەی ٧ی بەڵێن نامەکانی نێودەوڵەتی باسیان کراوە، شاردنەوەی گڵکۆی ئەو سێ کەسە لەلایەن ڕێژیمی ئێران پێشێل کردنی ڕاستەوخۆی مافی سیاسی و مەدەنی ئەو بنەماڵانەیە، ئەوان مافی خۆیانە زانیاری لەسەر شوێنی ناشتنی کەسی خۆیان بزانن کە لە بڕگەی ١٩دا بە ڕوونی ئاماژەی پێدراوە.
هەروەها ئەو ڕێکخراوە دەڵێ: بەرپرسانی ئێرانی بە شاردنەوەی شوێنی گڵکۆی ئەو سێ کەسە هەروەها پێش گرتن بە دانانی پرسە و سەرەخۆشی و بێبەش کردنی بنەماڵەکانیان بۆ دانانی تاجەگوڵینە و کێل و وێنە و هەموو بۆنەکانی کە ئەوان باوەڕیان پێیە پێشێل کردنی بڕیاری مادەی ١٥ی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتورییە، کە ئێران بۆخۆیشی تێیدا ئەندامە.
ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨، زانیار مرادی، لوقمان مرادی و ڕامین حوسێن پەناهی، سێ زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە تاوانی ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردی و مەحارب هەروەها دەست تێدا بوون لە کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان لەسێدارە دراون. ڕێک هەر ئەو ڕۆژیش قەڵای دێموکرات کەوتە بەر پەلاماری مووشەکی سپای پاسداران و تێدا ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون.