ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر، لاوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “مێهرشاد ئەڵماسی” ٢٢ ساڵە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوژرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: ئەم لاوە کە بە ماتۆڕەکەی لە نزیک شوێنی گەشتیاری و مێژووییی تاقوەسان بووە، دوای هەڕەشەکردن و وەدووکەوتنی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بەبێ هیچ هۆکارێک و بەئەنقەست کوژراوە.
تەرمی مێهرشاد ئەڵماسی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، لەلایەن پزیشکی یاساییەوە و بە دانی بەڵێنیی ئەوەیكە لەمبارەوە زانیاری بڵاو ناکەنەوە، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی لە گوندی “مەحموود ئاباد” بەڕێوە چوو.