چاونیوز: فاتمە دادوەند لە گیراوانی خەزەڵوەری ٩٨ لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردنی گرت.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، لەکاتێکدا فاتمە دادوەند ماوەی ٣ ساڵ و ٩مانگ حوکمەکەی خۆی لە بەندیخانەی ورمێ تێپەر دەکا، لە هەمبەر وڵام نەدانەوە و دژایەتی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازاد کردنی بە پێبەندی ئەلێکترۆنی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەئەمڕۆوە پێنج شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، مانی لە خواردن ڕاگەیاندووە.
فاتمە دادوەند دایکی سێ مناڵە و لە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە کاتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی بەهۆ گران بوونی بێنزین لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە گیرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە.
ناوبراو دوو جار لە مانگی ڕێبەندانی ٩٨ و گولانی ٩٩ لە دادگاکانی شۆڕشی بۆکان و مهاباد دادگایی کرا و لەهەردووک دانیشتن دا بە تۆمەتی “هەوڵ دان بە دژی تەناهی نەتەوەیی و تێکدانی تەکووزی و ئاسایشی خەڵک” ٥ ساڵ زیندان و ٣٠ قامچی بەسەردا سەپا.
هەروەها فاتمە دادوەند بە گوشار و زورەملێ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناچار کرا کە لە تەلویزیۆنی ئێران(هەواڵی ٢٠:٣٠ ) ئیعتراف لەسەر خۆی بکا و چیڕۆکێکی هەڵبەستراو بلێتەوە!
.
لە کۆتاییدا حوکمی خاتوو فاتمە بۆ ٣ساڵ و ٩ مانگ کەم کرایەوە و لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پوشپەڕی ٩٩ لە زیندانی ورمێ دەورانی حوکمە ناڕەواکەی بەسەر دەبا.
بەرپرسانی زیندانی ورمێ دوای مانگرتنی فاتمە، ناوبراوایان بۆ ژوورێکی تایبەتی بەندیخانە گواستەوە.