چاونیوز: سێ هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی مەریوان، بۆکان و ناوچەی هەوشار بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، سەربازێکی هێزی ئینتزامیی لە پایگای کولتەپە بەناوی پەیام عەبدی، بە چەکی ڕێکخراوەیی خۆی کۆتایی بە ژیانی دێنیت و خۆی دەکوژی.
سەرچاوەکان لە بۆکان هەواڵی جۆراوجۆر لە پێوەندی بە خۆکوژی ئەو سەربازە باس دەکەن بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگەیەکی پتەو ئێمە خۆیان لێ دەبوێرین.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی هەینی ٢٣ خەزەڵوەر، لاوێکی ١٨سالە بەناوی مێهران قەدیری خەڵکی ئاوایی مەحمودئاوا سەر بە ناوچەی هەوشار بەهۆکاری ناڕوون بە ڕێگای خۆهەڵاوەسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها، هەر لە ڕۆژی هەینی لە شاری مەریوان، ژنێکی لاو بە ناوی ئازیتا ئەمیری کچی عەلی بە هۆکاری کێشەی خێزانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە، ئازیتا ئەمیری کچێکی تەمەن شەش ساڵانەشی هەبووە.