لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری سەقز حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ کەسێکی خەڵکی ئەو شارە بڕییەوە.
“عەتا ڕەحمانزادە” ناسراو بە”شەماڵ سەقزی” تەمەن٥٠ ساڵ کوڕی حاجی عەلی، خێزاندار و خەڵکی گوندی “مەزرە”ی سەر بە بەخشی سەرشیوی سەقزە، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” بە بێتاوان ناسرا.
عەتا ڕەحمانزادە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو دوای بەشداریی لە کۆبوونەوەی پشتگیری لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شاری سەقز گواسترایەوە. ناوبراو دوای ڕاگرتنی مانگێک لە بەندیخانەدا بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی “نادر و شەهرام مەجیدیان” لە لایەن دادسەرای ئینقلابی ئەو شارە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.
دادسەرای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، “ئەندامبوون لە گرووپە دژەبەرەکانی حکوومەتی ئێران” تاوانبار کردووە و هەر کام لەوان بە 6 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کراون.