چاونیوز: سێ پاڵنەری گرنگ بۆ ویستی سەربخۆیی خوازی بریتین لە:
ئا.دیاریکردنی مافی سرووشتی چارەنووسی خۆت
بێ.هەبوونی دەستەڵاتێکی توتالیتەر
پێ.ڕەگەزپەرەستی و سووکایەتی چینی هەڵبژاردەی باڵادەست
مافی دیاریکردنی چارەنووس(The right to self-determination) لەو دەستە مافانەی، مافەیلی مرۆڤە کە بەو پێیە تاک یان نەتەوەکان بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان لە پانتایی جۆراوجۆری وەک سیاسەت، کۆمەڵایەتی، کلتووری و … دیاری دەکەن. ئەو مافە وەک حقوق و ئازادییە ئینسانییەکانی دەژمێردرێ کە بەوپێیە سەرجەم تاک و گروپەکان بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز، ئایین و… دەتوانن کاروباری خۆیان لە بەستێنە جیاوازەکان بەدەستەوە بگرن. بە گشتی مانای دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین هەروەک ئەوەیکە لە بەڵگە نێودەوڵەتییە جۆربەجۆرەکانی وەک جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان، پەیمان نامەیل، ڕاگەیەندراوی پێوەندی دۆستانە، بڕیارنامەی ٢٦٢٥، ڕاگەیەندراوی پێدانی سەربەخۆیی بە خەڵکی داگیرکراو و… باسی لێوە کراوە، بە مافی سەرجەم خەڵک و نەتەوەکان بۆ دەست نیشان کردنی ئازادانەی ڕەوشی سیاسی خۆیان و بەدواداچوونی ئازادانەی دۆخی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆیان دەگوترێ.
مافی دیاری کردنی چارەنووس لە بەڵێن نامەی حقوقی سڤیل و سیاسی و پەیمان نامەی نێودەوڵەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوری لە چوارچێوەی بڕگەی ١ی هاوبەش، بە پەسندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەیشتووە و پاراستنی وەک دابودەستورێکی تۆکمە و پتەو لە کەشی حقوقی نێودەوڵەتی وەک بنەمایەکی زۆرپێویست سەیری دەکرێ. هەروەها لە بەستێنی جیلی سێهەمی مافەیلی مرۆڤ کە ڕوانینێکی نوێی بۆ ئەو دەستە لە مافانە هەیە، جێگە و پێگەیەکی بەرچاوی بۆ تەرخان کراوە بەجۆرێک کە وەک مافێکی گشتی و تێکڕایی بۆ مرۆڤایەتی لەبەرچاو گیراوە. ئەو مافە، تایبەت بە خەڵکە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە وڵاتانی دژبەری ئەم بۆچوونە، پێناسە و ماناکەیان بەپاساوی “جیایی و جیایی خوازی و یەکپارچەیی خاک” ئاڵۆز کردووە و بەرژەوەندی بەشێکی دیکە لە وڵاتانیش بۆتە هۆکار کە ئێستا وەک باسێکی مەترسیداریان لێکردووە! پرۆفیسۆر “مایکێڵ ئەکهێرست” لە کتێبی “سەرجەم حقوقی نێودەوڵەتی نوێ”، مافی دیاری کردنی چارەنووس ئاوا پێناسە دەکات: مافێکە کە بەپێی ئەو، خەڵکی نیشتمانێک کاروباری سیاسی و حقوقی ئەو خاکە دیاری دەکەن هەتا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ یان ئەوەیکە وەک بەشێک لە دەوڵەتێکی دیکەیان لێ بێ”. فەرهەنگی “پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان”، مافی دیاری کردنی چارەنووس وەک مافێک دەزانێ کە هی گروپێکی دیاریکراو لەو خەڵکەیە کە خۆیان لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکەنەوە و بەتەواوەتی مافی خۆیانە ئەو نیشتمانەی کە بۆخۆیان دەخوازن و تێیدا دەژین و ئەو حکومەتەی کە بۆخۆیان دەیانهەوێ دابمەزرێنن”.
هەر بەپێی ئەو بەڵگە نێودەوڵەتییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ داوای مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بکا هەتا دۆخی سیاسی و مەدەنی خۆی ئازادانە هەڵبژێریت هەروەها گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی داوا و دابین بکا. هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە سامان و سەرچاوەکانی سرووشتی خۆی بەبێ هیچ کێشە و گرفتێکی وەک هاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی، لەسەر بناخەی بەرژەوەندی هاوبەش و حقوقی نێودەوڵەتی ئازادانە پاوان بکا و هیچ کات ناکرێ نەتەوەیەک لە سەرچاوە و یارمەتی و هاوکارییەکانی خۆی بێ بەش بکرێ و وڵاتانی تەرەفی بەڵێن نامەکانیش ئەرکدارن کە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ڕێز لەو مافانە بگرن.
بێ:توتالیتەر جۆرێک لە ڕێژیمێکی سیاسیییە کە لەوێدا، لێنزیک سەرجەم لایەنەکانی ژیانی کەسی و گشتیی خەڵک لەژێر چاودێریدایە و بە گشتی تایبەتمەندی ئەم جۆرە حکومەتانە بریتین لە، ئایدۆلۆژییەکی گشتی، سیستەمێکی تاک حیزبی تایبەت بەو ئایدۆلۆژییە کە لیدەرەکەی تەنیا یەک کەسە، هەبوونی دەزگای سیخوری و پۆلیسی جۆراوجۆر و بەربڵاو، پاوانی کەرەسەی پەیوەندییە گشتییەکان، دەسبەسەرداگرتن ئابووری، باوەڕنەبوون بەهیچ جۆرە ماف و ئازادییەک، نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین، سەرکوتی توندی حیزب و کەسایەتی سیاسی، ئۆلی، نەتەوەیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، دژایەتی توندی ڕەخنەگران و دژبەرانی حکومەت و… لەم جۆرە سیستەمانەدا شێوازی جۆراوجۆریان هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە جۆری وەک، زۆرداری، سەرەڕۆیی، حکومەتی موتڵەقە، ئۆل سالاری و… میناکی هەرەبەرچاوی ئەم جۆرە حکومەتانە مائۆ لە چین، ستالین لە شوورەوی، موسولینی لە ئیتالیا، هیتلەر لە ئەلمان، سۆنگ لە کۆرەی باشوور، بەشارئەسەد لە سوریە، چاوێز لە وێنزوئێلا، کاسترۆ لە کوبا و ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامی ئێران. لەم جۆرە دەستەلاتانەدا هیچ جۆرە ئازادییەکی سیاسی، تاک و ڕێکخراوەیی بوونی نییە و خواستی خەڵک بۆ هیچ چەشنە باسێک لەبەرچاو ناگیرێ هیچ، بەڵکوو بە توندی بەرپەرچی دەدرێتەوە و ڕێز بۆ مرۆڤەکان و بایەخە مافە مرۆڤییەکانیش دیزەبەدەرخونە دەکرێ! لە کەشێکی وەهادا کە مافی نەتەوەکان و ئازادی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کلتووری لەبەرچاو ناگیرێ و هیچ ڕۆچنەیەک بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی بەدی ناکرێ، باوەڕمەند بوون بە زمانی دیالۆگ و لەیەک تێگەیشتن هەر بوونی نییە و مەنتقی گوتوبێژ دەست نادا و بێ مانایە، ویستی سەربەخۆیی تاکە ڕێگای ئەو گەلانەیە کە لەناو سیستەمێکی توتالیتەردا دەژین.
پێ: ئاپارتاید، هەڵاواردن، سووکایەتی و بێ ڕێزی جۆرێکی تایبەت لە ڕەگەزپەرەستییە کە بەپێی لۆژیکی هەڵە و گشتی مرۆڤەکان بەجۆرێکی نەشیاو و بێ نەرمی نواندن شەقل دەگرێ. لەم ڕوانینەدا بە لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز، مێژوو، زمان، کلتوور، ئۆل و زایەندی لایەنەک، لەلایەن لایەنێکی دیکە (باڵادەست) دەچەوسێتەوە و بێ ڕیزی پێدەکرێ. بەتایبەت ئەگە ئەو سووکایەتی و بێ ڕێزیانە لەلایەن چینی هەڵبژاردەی کۆمەڵگا ئاگاهانە بکرێ و بە نییەتی شکاندنی نەتەوەیەک بێ، لە نەستی لایەنی بەرامبەر سەربەخۆیی خوازی وەک تاقە ڕێگای دوور کەوتنەوە لەم کێشانە دەبێتە پرسێکی تایبەت و کار بۆ جودا بوونەوە لەم نەریتە نەشیاوە دەکرێتەوە بۆ بەرگری کردن شوناسی خۆی.
هێرش بردنە سەر ئێلێمان و هێما نەتەوەییەکان، بێ ڕێزی بە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی، مێژوویی، زمانی و…. بە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە جۆرێک نەخۆشی کۆمەڵایەتییە کە حکومەتەکان بەستێنیان بۆ خۆش دەکەن و پەرەیان پێ دەدەن. ئەگە لەسەردەمی دەستەڵاتداری پاڵەوی بە قەڵەمی کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی و لەسەردەی ڕێژیمی ئیسلامیش شەفیعی کەدکەنی زمانی کوردی وەک دەستەخوشک و زاراوەی “گەڕەک” (محلی) ناو دێنن و هەوێتی کورد بە مێژووی پڕ لە قۆپی و تەزویری و چەواشەکراوی خۆیان دەبەستنەوە. کاتێک کەسانێک فێر دەکەن کە گۆڕی ماملێ لە مهاباد، وێنەی تابڵۆی مەولەوی لە سەقز، ئاگر تێبەردانی کۆتەڵی ماموستا هەژار و … بشێوێنن یان بێ ڕێزی بە زمان، کلتوور و جلوبەرگی کوردی بکەن، ئەمە بێ ڕێزی و سووکایەتی شەبەنگێکی باڵادەستە کە بە زانیارییەوە هەوڵی ئەو شکاندنە دەدا.
کاتێک باس لە “ئێمە” و “کۆمەڵگا” دەکرێ پرسی “هەوێتی”(شوناس، پێناسە) دێتە گۆڕ. سنووری نێوان “ئێمە” و “دیتران” بە هێڵی هەوێتی خۆیا دەبێ. توێژینەوەی شوناسی نەتەوەیی یەکێک لەو مژارانەیە کە گرنگی دیرۆکی و کۆمەڵناسانەی هەیە. گرنگی دیرۆکی بەو ئاقارەدایە کە، ئەم دیاردەیە لەئاکام تێپەڕینی زەمەن لەناو کۆمەڵگادا شەقڵی گرتووە و لە یاری نێوان ڕووداوەکان و ئاڵۆگۆڕە مێژووییەکان گوواروە. هەر شوناسێک کە ئەمڕۆ لەکۆمەڵگا و لەنێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنا دەبێ لە ڕەوتە مێژووییەکانی سەردەمە جۆراوجۆرەکان وەرگیراوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شوناسی نەتەوەیی بۆیە بایەخ و گرنگایەتی هەیە کە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی بایەخدان بە سامانە نەتەوایەتییەکان، یەکێتی کۆمەڵگا و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەر کۆمەڵگایەک پێناسە دەکرێ. هەر نەتەوەیەک بەو ڕادەیە لە شوناسێکی پتەو و ڕاوەستاوتر گەیشتبن بەو ڕادەیە یەکێتی و کۆڵەکەکانی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیان سەرکەوتووتر دەبێ.
ئەوە لە حاڵێکدایە، کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگەڵ ئەوەیکە زیندووترین و مێژووییترین ڕێکخراوە سیاسییەکانی تێدا هەڵکەتووە بەڵام هیکات ئیزنی بە ناسیونالیزمێکی دەمارگرژانەی وێرانکەر نەداوە ببێتە وێژمان یان بێ ڕێزی بە کەسایەتی و زمان و مێژوو و کلتووری هیچ نەتەوەیەکی نەکردووتە دەستووری کار، کورد لە ڕۆژهەڵات بەجۆرێک ناسیونالیزمێکی دێموکراتیک و مرۆڤ تەوەرە.
لە کۆتاییدا ئەوەندەش بڵێم کە، “سەربەخۆیی خوازیی و جیاییخوازی” دوو چەمکی لێک جیاوازن. سەربەخۆیی خوازیی بە ڕوانینی سیاسی تێکۆشانێکە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی نەتەوەیی کە لە ژێر دەستی داگیرکەر دایە و گەلەکەی دەچەوسێتەوە. بەڵام جیاییخوازی بە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی بریتییە لە واز هێنان گروپێک لە دامەزراوەیەکی مەزنتر یان حیزبێک یان حکومەتێک بە قەولی “ئالێن بوچانان”جۆرێک تەڵاقی سیاسی وەرگرتنە لە حکومەتێکی دیکە کە ئەمە هەوڵدانە بۆ جیاکردنەوە و دابەش کردنی وڵاتێک کە داگیر نەکراوە و خەڵکەکەشی ناچەوسێندرێتەوە. سەربەخۆیی خوازی لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەپێی یاسانێونەتەوەییەکان دەچێتە قەوارەی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕەوایی پێ بەخشراوە، بەڵام جیاییخوازی نەک هەر ڕەوایی پێنەدراوە بەڵکوو وەک دەست تێوەردان لە خاکی وڵاتێک ئەژمار دەکرێ و سەرکوتیش دەکرێ.