چاونیوز: سێ هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و بۆکان لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی خەڵکی میراوەی بۆکان بەناوی “ئاڕمان زینەتی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەرلە هەمان ڕۆژدا و لە پیرانشار، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “گەرگولی سەروو” بەناوی “محەممەد تاهیر ئەلیاسی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا.
پیشەی ناوبراو فیلبەرداری بۆنەکان بووە کە هەتا ئێستا نەزانراوە هۆکاری گرتنەکەی چ بووە.
لەلایەکی دیکەشەوە هەر لە پیرانشار، هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی “ڕێبوار حوسێنی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.