دوو هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم” سەر بە شاری سەردەشت بە ناوەکانی “ئیدریس ئالی” و “ئازاد شوجاعی”، هەروەها “ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد” خەڵکی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل”، بە سێدارە سزا دران.
ئەم سێ هاونیشتمانییە پووشپەڕی ١٤٠٢ لە سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە گوتی: ئەم سێ هاونیشتمانییە لە گرتنگەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونیدا بوون و دوای زۆرتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکردنی کاتی، بۆ یەکەمین جار ئیزنیان پێ درابوو لەگەڵ بنەماڵەکانیان پەیوەندیی تەلەفۆنییان هەبێت.
بەپێی زانیارییەکان: ئەم سێ هاونیشتمانییە کە کۆڵبەری سەر سنوور بوون، بە “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و “دابین کردنی کەرەستەی پێویست بۆ کوشتنی فەخریزادە” تۆمەتبار کراون کە هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆیان کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادیشی کرد: ئەم سێ هاونیشتمانییە دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کران. هەروەها دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاونیشتمانییە لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچوو و سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، حوکمی سێدارەی ئەم سێ بەندکراوە ڕاگەیەندرا.
ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە: ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کرابوون و دوای ناردنی دۆسیەکەیان بۆ دادگای شۆڕش، ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراویان پێ دراوە.
“ئەسغەر جەهانگیری” وتەبێژی دەزگای داد، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لە پرێس کۆنفڕانسێک لەگەڵ هەواڵنێران، لەبارەی دۆسیەی کوشتنی “فەخریزادە”، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە، ڕایگەگاند: “لەبارەی سێ کەسی ناوهێنراو، پڕۆسەکانی داد لە قۆناغی دادسەرایی و دادگایی لە دادگای شۆڕشی ورمێ جێبەجێ کرا و لە قۆناغی بەرایی ئەم سێ کەسە بە سێدارە سزا دران و دۆسیەکە لە قۆناغی دوایین پێداچوونەوەدایە.”