سێ زیندانیی دیکەی کورد لە دار دران. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەڵێ ئەو کەسانەی بە تاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە دار داوە.
رۆژی یەكشەممە، ١ گەلاوێژ، شارۆمەندێكی کوردی خەڵکی شاری دروود لە پارێزگای لۆڕستان بە ناوی “مێهدی ساکی”، ٣٣ ساڵ تەمەن، لە گرتووخانەی شاری میاندواو لەسێدارەدرا.
مەهدی ساكی ساڵی ١٣٩٢ بە تاوانی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر، لە شاری مەهاباد دەستبەسەر كرا و دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی شەممە، ٣١ پووشپەڕیش دوو زیندانی کورد بە ناوەکانی ئیرەج قوبادی و کاوس مەلەکی کە بە تۆمەتی مادەسڕکەرەکان سزای ئیعدامیان بە سەرداسەپابوو لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا لەسێدارەدران.
بەردەوامی ئێعدامەکان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە نوێنەرانی مەجلیس داوایان لە دەزگای قەزایی کردوە هەتا کۆتایی کاتی تاوتوێی پرسی هەڵگرتنی سزای ئێعدام لەسەر تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر لە ئێعدامی زیاتر لەو 5 هەزار کەسەی بەو هۆیەوە گیراون دەست ڕابگرن؛ بەڵام دەزگای قەزایی تا ئێستا هیچ بایەخی بەو داوایە نەداوە.