سێ بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارەکانی ورمێ و سنە بە بڕیاری دەزگای قەزایی سزای زیاتر لە 8 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا.
لە ورمێ، عارف محەممەدی خەڵکی گوندی “باوان” لە ناوچەی مەڕگەوەڕ ی ورمێ، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە دادگایی کراوە و سزای ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپاوە. ناوبراو تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دراوەتە پاڵ و لەو سۆنگەیەوە ئەم سزا قورسەی بۆ بڕاوەتەوە.
لە شاری سنەش دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس محەممەدی” و “ئاوات کەریمی” کە خەڵکی گوندی “نگڵ”ن، هەر کام سزای 3 ساڵ و 4 مانگ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
ئەم دوو چالاکە کوردە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی وڵات و پێوەندی هەبوونیان بە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیمەوە گیراون و لەلایەن دادگای شۆڕشەوە حوکم دراون.