لە ماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا، بە هۆی هاتنی بوومەلەرزەوە لە پارێزگای کرماشان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی یارسان بوونە قوربانی و هێزەکانی سپای پاسدارانیش بەربەستیان لە بەردەم گەیاندنی یارمەتی بەو هاووڵاتییانە دروست کردووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، هێزەکانی سەربە سپای پاسداران ڕیگریان لە گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی گوندە یارساننشینەکان کردووە و لە کاتی یارمەتی گەیاندنی هاووڵاتییانی کوردستان بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، سەرەڕای هاوکاری نەکردنی هێزەکانی حکوومەتی، سپای پاسداران ڕێیان لە گەیاندنی یارمەتی بە ژمارەیەک لە گوندە یارساننشینەکان گرتووە.
گوندەکانی دەوروبەری شاری داڵاهوو وەک: نیلک، گۆراجووب، زاولە، گزن و باوایادگار و ناوچەکانی دیکە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەدا، زیانیان بەرکەوتووە و هێزەکانی سپای پاسداران ڕیگریان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان بۆ خەڵکی ئەو گوندانە کردووە.
هاووڵاتییانی یارسان بە هۆی جیاوازیی بیروباوەڕ ئایینی، لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی بێڕیزی و هەڵاواردنی زیاتر هاتوون.
شایانی باسە پارێزگای کرماشان وەکوو گەورەترین ناوەندی پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ئەژمار دێ و، کاربەدەستان و بە تایبەت لەو بارودۆخە هەستیارەدا سپای پاسداران هەلیان قۆستووەتەوە کەلێن و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی کوردستان بخەن و فەرق و جیاوازی دادەنێن.