لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی “کۆساڵان” لە سەوڵاوا سووتێنران.
لە درێژەی ئاگربەردانە گوماناوییەكان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر ئاگر دارستانەکانی کۆساڵانی گرتەوە و تیمەکانی ئەنجومەنی “سەوزی چیای مەریوان” و خەڵکانی خۆبەخش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە #چاونیوز ڕاگەیاند؛ ئەم ئاگرە لەلایەن ناحەزانی ژینگەوە و لە چەند خاڵدا بەردراوەتە کۆساڵان و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستان لەنێو چووە و ئەم ئاگرە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو و شەوی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر کۆنترۆڵ کرا.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ئەم ئاگرە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکەوە کۆنترۆڵ کراوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بە هانامانەوە نەهاتوون.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر، ئاگر بەردرایە “هەردی نشکاش”ی مەریوان و ئەم ئاگرەش لەلایەن ژینگەپارێزانەوە دوای ٥ کاتژمێر هەوڵی بێ وچان کوژێندرایەوە.
لەم پەیوەندییەدا، بەپێی خشتەیەک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەردا بڵاوی کردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٠٠ ئاگر بەردراوەتە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا و ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ژینگەی ئەم دوو شارە سووتێنراون.