بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 11ی گەلاوێژ مورتەزا ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی سنەدا لەدار درا.
مورتەزا ڕەحمانی خەڵکی گوندی تیلەکۆ لە نزیک شاری کامیاران بوو. ئەو کۆتایی ساڵی 1390ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و لە دادگاییکردنێکی بەپەلەدا بە تاوانی دژایەتیی لەگەڵ خودا لە رێگەی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردی سزای لەداردانی بەسەردا سەپا.
ئەو هەروەها تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسدارانی خرابووە پاڵ و سەرجەم بە سێ جار ئێعدام سزا درابوو.
شایانی باسە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا هەرنەبێ سزای ئێعدامی لەسەر 100 زیندانی جێبەجێ کردوە، بەڵام تەنیا هەواڵی ئێعدامکرانی 8 کەس لەوان لە میدیا ڕەسمییەکانی ئێراندا بڵاو بوونەتەوە.