ڕامین حوسەین پەناهی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاگەیاندنی پارێزەر حوسەین ئەحمەدی نیاز و بنەماڵەی حوسێن پەناهی، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی ٢٥ ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، بەناو دادگای شۆرش لە شاری سنه، حوكمی سێدارەی بۆ ڕامین حوسەین پەناهی دەركردووە. ئەو حوكمه لە كاتێكدایه كە تەنیا یەك دانیشتنی دادگا گیراوە بۆ ڕامین و بە وتەی پارێزەرەكەی ئەو حوكمه زۆر لەپڕدا و هاوكات چاوەڕواننەكراو بووه.
بەپێی قسەكانی خودی ڕامین و پارێزەرەكەشی، ناوبراو بۆ سەردانی بنەماڵەكەی چۆتەوە كوردستانی ئێران و بە هیچ شێوەیەك بەشداریی لە تێكهەڵچوونی چەكداریدا نەبووە، لەلایەكی دیکەوە بە وتە و قسەی خودی رامین، ناوبراو چەندین مانگ لە ژێر ئەشكەنجەدابووه، بۆیه بە لێكدانەوەی هەموو ئەوانه و بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامیش ناوبراو شیاوی حوكمی سێداره نیه.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە کە ئەو حوكمه نامرۆڤانه و نایاسایی دەزانین و پێمانوایه دادگا بە تەواوی لەژێر سێبەری بار و دۆخی سیاسیدا ئەو حوكمەی داوە و لەڕاستیدا بۆ تۆلەكردنەوەیە لە كۆمەڵانی خەڵكی ڕۆژهەڵات كە لە مانگەكانی ڕابردوودا چەندین جار خۆپێشاندان و كۆبوونەوەی گەورەی جەماوەرییان پێك هێناوە.
لە ڕاگەیەندراوەدا داوا کراوە كۆمەڵانی خەڵكی ئازادیخوازی ئێران و كوردستان، كۆر و كۆمەڵ و ڕێكخراوە كوردستانی، ئێرانی و نێونەتەوەییەكانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەو حوكمه نادادپەروەرانەیه بێدەنگ نەبن، چونکی بێدەنگ بوونی ڕادە و ژمارەی ئەو كارەساتانه زیاتر دەكا.