دوای بەدوای بانگەوازی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان لە ئێران، کە ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەری بە مانگرتنی گشتی ڕاگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر مامۆستایان لە شارەکانی ئێران و کوردستان مانیان گرت .
مامۆستایانی مانگرتوو بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە لە کەمیی حەقدەستەکانیان، گرانی و هەژاری، نەبوونی ئازادی و گوشارەکان بۆ سەر هاوپیشەکانیان مانیان گرتووە و خوازیاری گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆیانن.
مانگرتنی رۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر، لە درێژەی مانگرتنێک دایە کە پێشتر و رۆژی ٢٢ و ٢٣ی رەزبەر لە خوێندنگەکانی ئێران و کوردستان دەستی پێکرد و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگەکانی شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران پێوەی پەیوەست بوون.
دوا بە دوای مانگرتنی ٢٢ و ٢٣ی رەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاری زۆریان خستە سەر مامۆستایان و ژمارەیەکیان بانگ کردنە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هەڕەشەیان لێکردن. بۆ وێنە هەر لە شاری سەقز ٦ کەس لە مامۆستایان بانگ کران و دوای هەڕەشەکردن پێیان وتوون بۆیان نییە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک بکەن.
بەڵام مامۆستایان سوورن لە سەر خواستە رەواکانی خۆیان و ترساندن و تۆقاندن نەیتوانیوە بەر بە مانگرتنی ناڕەزایەتییان بگرێ.