لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 165 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 72 کەس لەوان دادگایی کراون و حوکمی 4 مانگ هەتا 16 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی وردبینییەکان ئەم 72 بەندییە سیاسییە سەرجەم 3015 مانگ (251 ساڵ و 3 مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها بەندکراوێکی سیاسیی کوردیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم حوکمی ئێعدامی دراوەتێ.
ئەم ڕێژە زۆرە لە بەندکردنی چالاکانی سیاسی لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەوان لە حاڵێکدایە کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2019شدا 738 کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردیان بەتۆمەتی هەوڵدان لەدژی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردبوو.