چوارکەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی داڵاهوو جوانمێری لە شاری داڵاهووی کرماشان دەسبەسەر کراون.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی ١ی بانەمەڕ کەماڵ جوانمێری خەڵکی گوندی “جوانمێر” سەربە ناوچەی قەڵخانی شاری داڵاهوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراوە.
هەروەها چەند رۆژدواتر واتە ٤ی بانەمەڕ سێ کەسی دیکە لەو بنەماڵە بە ناوەکانی ئیرەج جوانمێری و تووران جوانمێری و ئیلهام جوانمێری لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵیزەها، دەسبەسەر کراون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.
شیاوی باسە کەماڵ جوانمێری بە تاوانی ئەوەی وێنەی برا پێشمەرگەکەی لە مۆبایڵەکەی دا بووە، دەسبەسەر کراوەو دوابەدوای ئەویش دایک و باوک و خوشکێکی دەستگیر دەکرێن و گوشاریان بۆ ئەوەیە کوڕەکەیان کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە واز لە پێشمەرگایەتی بهێنێ.
جێیئاماژەیە “داڵاهوو جوانمێری” ئێستا لە نیو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دایە.