کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، چەند تیم لە هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، بەبێ حوکمی دادوەر هەڵیانکوتایە سەر خانەقای “ڕێگای ئازادی” و بە شێوەیەکی توندوتیژ “شێخ زاهید شەهابی”یان دەسبەسەر کرد.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەکان مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی کەسیی شێخ زاهیدیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزیی چیای “جاقل”، کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە بەڕێوە چوو، شێخ زاهید بە خوێندنەوەی پەیامێک ڕوو بە خەڵک، باسی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێی ئازادی و یەکێتی و یەکگرتوویی کرد و لەگەڵ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز دروشمی ژن ژیان ئازادییان لەگەڵ بەشداربووان گوتەوە.
شێخ ئازاد شەهابی و دوو کەس لە موریدانی بە ناوەکانی “پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا”، ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانێکی چەکدار لە خانەقای ڕێگای ئازادی تیرۆر کران. ناوبراو کەسایەتییەکی ئایینی و نەتەوەیی و خۆشناو بوو کە دوای ئەو براکەی (شێخ زاهید) بووە بە جێگری.