دوکتور ئازاد محەممەدیانی، وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد دەسبەسەر کرا.
دوکتور ئازاد محەممەدیانی، چالاکی سیاسی و وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز لە شوێنی کارەکەی لە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێـوە دەسبەسەر کراوە و، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری “چاو نیووز” ئەم هێزانە لە دوای پشکنینی ماڵەکەی، لەپتاپ، چەند دانە فلاش، چەند بەرگ کتێب و بڕێکی بەرچاو لە دەسنووس و وتاری شیکارییانە و نووسراوە ڕۆژانەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەرەی یەکگرتووی کورد بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی یاسا، داوا لە گشت ناوەند و ڕێکخراوە فەرمییەکانی وڵات، لەوانە دەفتەری سەرکۆماری، وەزارەتی وڵات، وەزارەتی ئیتلاعات و هەموو ناوەندە پێوەندیدارەکان دەکا، بە پاراستنی کەرامەت و کەسایەتیی دوکتور محەممەدیان و هەروەها شارۆمەندانی دیکەش؛ هەنگاوی پێویست لەم بارەوە هەڵبێننەوە.
ئەم بەرەیە ڕاشکاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، دەربڕینی ناڕەزایەتی لەمەڕ گەندەڵیی لەڕادە بەدەر و وەستانی ئابووری و سیاسی، مافی یاسایی شارۆمەندان وەک خاوەنانی سەرەکیی ئەم وڵاتەیە. هەروەها ئەرکی کاربەدەستان و ناوەندەکانی دەسەڵات، خستنە تەنگانەی نایاسایی خەڵک نییە، بەڵکوو دابینکردنی ئازادی، ئەمنیەت و خۆشبژیویی ئەو خەڵکەیە.
بەرەی یەکگرتووی کورد هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە ڕەشبگیری بەرچاوی خەڵک کە لەم دواییانەدا بەتایبەت لە کوردستان ڕووی دا، دەردەبڕێ؛ خوازیاری ئازاد کردنی خێرای دوکتور ئازاد محەممەدیانی وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کوردە.