دوای ڕەت کرانەوەی داواکاریی دادگاییکردنەوەی بەندیی سیاسیی کورد ڕامین حسێنپەناهی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، ئەگەری ئێعدام کردنی ئەو بەندکراوە کوردە زۆر بووە.
حوسێن ئەحمەدینیاز، پارێزەری ڕامین حوسێنپەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیسنا” وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: “پەروەندەکە ڕەوانەی لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات کراوە، کە بە داخەوە لقی ئاماژە پێ کراو بەبێ ڕەچاوکردنی ئەسڵی دۆسیەی بەڵگەیی، دووبارە دادگاییکردنەکەی ڕەت کردووتەوە”.
ئەحمەدینیاز هەروەها ڕایگەیاند: “دووبارە داوای دادگاییکردنی دەکەم، چوونکە ئەمە مافی ڕامین حوسێن پەناهییە ، تا دووبارە دادگایی بکرێتەوە. جێیئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، ڕامین حوسێنپەناهی، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەی ڕەوانەی قەرەنتییەی زیندانی شاری سنە کرا، کە بە هۆی گوشاری بیروڕای گشتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار له مافی مرۆڤ، ئەو حوکمە بەشێوەی کاتی ڕاگیرا.
ئەگەرچی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە، دوای مانگی ڕەمەزان سزای ئێعدام ڕامین حسێن پەناهی جێبەجێ بکات، بەڵام هەوڵەکانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو بەندییە سیاسییە هەربەردەوامە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ڕامین حوسێنپەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە بە برینداری دەسبەسەر کرا.