لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد سەردانی ماڵی ڕامین حسێنپەناهی بەندیی سیاسییان کرد کە لە ژێر حوکمی ئێعدام دایە.
دوای سەردانی چالاکانی مەدەنی شاری سنە ، لە ماڵی ڕامین حسێن پەناهی لە ئاوایی قورچیای دێولان و پاڵپشتی کردن لەو بنەماڵە تازیەبارە ، رۆژی ڕابردووش بەشێک لە چالاکانی مەدەنی شاری ئیلام بە نوێنەرایەتی لە خەڵکی کوردپەروەری ئیلام، لە گەڵ بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناهی دیدارو چاوپێکەوتنیان کرد و، وێڕای پشتیوانی کردن لە بنەماڵەی حسێن پەناهی، هەرچەشنە سزای ئێعدام بە تایبەتی ئێعدامی بەندییە سیاسییەکانیان مەحکووم کرد.
شیاوی باسە چالاکانی مەدەنیی کورد لە یەکەم رۆژی رووداوی بە دیلگرتنی ڕامین حسێن پەناهی لە شاری سنە کە بە برینداری دەستگیر کرابوو ، لە ئەوپەڕی خەمخۆرییەوە هەوڵیان داوە کە مافەکانی ئەو بەندییە سیاسییە پێشل نەکرێ و، ئێستاش بە نیسبەت سەپاندی سزای ئێعدام، لە هەوڵدان هەتا ئەو سزایە جێبەجێ نەکرێ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕامینحسێنپەناهی ساڵی ڕابردوو لە شاری سنە لە تێکهەڵچوونێک نێوان هێزەکانی ڕێژیم و پۆلێک پێشمەرگەی کۆمەڵە بە برینداری بە دیلگیراو، دوای ماوەیەک مانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە و بەندیخانەی ئەوشارە زیاتر لە مانگێکە حوکمی لە سێدارەدانی ڕاگەیاندراوە.
جێی ئاماژەیە بە پێی ڕاپۆرتی لێبووردنی نێوتەوەیی ئەگەری زۆرە سزای لە سێدارەدانی ئەو چالاکە سیاسییە لە دوای مانگی رەمەزان جێبەجێ بکرێ و دەفتەری جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلاب لەشاری سنە، رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی بۆ لە سێدارەدانی ڕامین حسێنپەناهی دیاری کردووە.