هەواڵی تەکمیلی
چاونیوز: دوو کۆڵبەر لە سنووری شارەکانی بانە و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هێزە چەکدارەکانی سنووری سەردەشت ڕاستەوخۆ و بەقەستی کوشت تەقە لە دەستەیەک کۆڵبەر دەکەن کە لە ئاکام دا کۆڵبەرێک بەناوی شێروان مووساپەنا خەڵکی شارۆچکەی نەڵاس بە توندی بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری پزیشکی هەر ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری قەڵادزێ لەژێر چاودێری پزیشکی دایە.
هەر لەو ڕۆژەدا و لە سنووری نەنووری بانە، کاتێک هێزەکانی حکومەتی ئێران بۆسەیان بۆ دەستەیەک کۆڵبەر دانابۆوە، کۆڵبەران پێ دەزانن و لە ترسی گرتن و دەسبەسەرداگرتنی بارەکانیان هەڵدێن کە لە ئاکام دا کۆڵبەرێک بەناوی خدر ڕەسووڵی لە بەرزاییەوە هەڵدەدێرێ و زۆربە سەختی بریندار دەبێ.
هەروەک لە هەواڵەکانی بەپەلەی شەوی ڕابردوو بەدەستمان گەیشتبوو، باس لەوە کرابوو کە ئەو دوو کۆڵبەرە گیانیان لەدەست داوە بەڵام بەخۆشییەوە دەگەڵ ئەوەیکە شێروان مووساپەنا و خدر ڕەسووڵی برینیان زۆر سەختە لە ژیان دا ماون و هیوای چاک زوو بوونەوەیان بۆ دەخوازین.