چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی مەریوان و پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعەتەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “نێ”ـی سەر بە شاری مەریوان بەناوی “بورهان درەخشانی” دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کرابوو، دەسبەسەر کرا.
لەماوەی ڕۆژارنی ڕابردوو بە پاساوی بۆنەکانی نەورۆز دەیان کەس لە خەڵکی ئاوایی “نێ” بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوون و بە واژۆکردنی بەڵێننامە و بە مەرجیی بەشداری نەکردن و بەڕێوەنەچوونی جێژنی نەورۆز دوای لێپرسینەوە ئازاد کرابوون.
هەر لەهەمان ڕۆژدا و لە شاری پیرانشار هاونیشتمانییەک بەناوی “بەهمەن چێشتە” بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.
دوای چالاکییەکانی جێژنی نەورۆز، شیمانەی ئەوە دەکرێ شەپۆلێکی تازە لە ڕەشبگیرییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەست پێبکاتەوە.