چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی مهاباد بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگایی کردنیان بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٩، دوو هاونیشتمانی خەڵکی مهاباد بەناوەکانی سولەیمان کەریم پوور و خالید محەممەدزادە ئەقدەم خەڵکی ئاوایی خورخوڕەی شاروێرانی مەهاباد بە دانانی بارمتەی زەوی جوتیاری بە بڕی ۲۰۰ میلێۆن تمەن هەتا کاتی دادگایی کردنیان لە زیندانی ورمێ ئازاد کران.
ئەو دوو هاونیشتمانییە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر دوای ٦٦ ڕۆژ لێپرسینەوە و ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازرابوونەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی خورخوڕەی دەشتی شاروێرانی سەر بە شاری مهاباد لە شوێنەک بە ناوی شەبەک ئەو دوو هاونیشتمانییە بە گومانی پێوەندی دەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەرەی نیزام دەسبەسەر دەکەن.
سەرچاوەیەک لەو ناوچەیە بە چاونیوز”ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”ی راگەیاندبوو: نزیک ٣٠ ماشینی سپای پاسداران بە تەواو کەرەسەی نیزامی و چەکی نیوەقورس ڕژابوونە خورخوڕە و دوای گەڕان و پشکنینی ناوچەکە ئەو دوو هانیشتمانییە کە سەرقاڵی کاروباری باغچەکەیان بوون دەگرن و دەگەڵ خۆیان دەبەن.