حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و پرسی خویندن به زمانی کوردی له کوردستان
دوای شۆڕشی ساڵی 1357ی ههتاوی و دوای ئهوهی بهشێکی زۆر له جوغرافیای ڕۆژههڵاتی کوردستان وهک ناوچهی ئازادکراو له بهردهستی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان و کۆمهڵهدا بوو، ئهو دوو هێزه سیاسییه کهوتنه بهرنامه بۆ خوێندن به زمانی کوردی.
ساڵی 1358ی ههتاوی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە هێشتا بنكەكانی لە شارەكاندا بوون، كەوتە بیركردنەوە لە دانانی كتێبی خوێندن بە زمانی كوردی. بە تایبەتی چونكە هیوایەكی هەرچەند زۆر كەمیش بەوە هەبوو كە ڕێژیمی نوێ مافی خوێندن بە زمانی زگماكی بۆ منداڵانی كورد بەفەرمی بناسێ. بەڵام كاتێك دەوڵەت، كوردستانی خستە ژێر گەمارۆی ئابووری و قوتابخانەكانی داخست ئەركی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان قورستر بوو و بیركردنەوەی خێرا لە وەڕێخستنی قوتابخانەكانی لادێ پێویستییەكی زیاتری پەیدا كرد.
كۆمیتەیەكی سەرانسەری كە پێشتر بۆ دانانی كتێبی خوێندن ڕاسپێردرابوو، بەر لە دەرچوونی فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵكی كوردستان لە گەلاوێژی 1979 دا، هێندێك كۆبوونەوەی كردبوو و پێشنووسی كتێبێكی خوێندنی ئامادە كردبوو، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە كوردستان و ڕووداوەكانی دواتر، لە ساڵی خوێندنی 1359ـ 1358 دا، پرسی خوێندن بە زمانی كوردی لە قوتابخانەكانی كوردستان دوا كەوت.
دامەزرانی كۆڕی پەروەردە و فێركردنی كوردستان
ساڵی خوێندنی 1359 ـ 1360 (1980 ـ 1981)، لە دوای دەورەی دووهەمی هێرشی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر كوردستان دەستی پێكرد. ئەم شار و ناوچە و گوندانەی لە ژێر كونترۆڵی ڕێكخراوە سیاسییەكان و هێزی پێشمەرگەدا بوون، لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە گەمارۆیەكی هەمە لایەنەیان خرایە سەر. قوتابخانەكان لەم شوێنانە داخرابوون، مامۆستا و قوتابی بێ مووچە و كتێب لە ماڵی خۆیان چاوەڕوانی روونبوونەوەی بارودۆخەكە بوون. هومێد بە ڕێككەوتن لە نێوان دەوڵەتی ناوەندی و هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا نەمابوو. نەشدەكرا منداڵانی ناوچە ئازادەكان هەر وا لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە. لێرەدا بوو كە حیزبی دێموكراتی كوردستان، «كۆڕی بەڕێوەبەریی پەروەردەو فێركردنی سەرانسەری كوردستان»ی پێك هێنا.
لە ڕێگەی ئەم كۆڕەوە، كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی حیزبی دێموكرات، سەرپەرشتیی قوتابخانەكان و كار و باری پەروەردەو فێركردنی گرتە ئەستۆ. حیزبی دێموكرات لەم مەیدانەدا سەركەوتنی بەرچاوی وەدەست هێنا و خزمەتی باشی بە پەرەپێدانی زمان و فەرهەنگی كوردی و وەڕێخستنی قوتابخانەكان كرد. سەدان لاوی چالاك و دڵپاك بەدەم بانگەوازی كۆڕی پەروەردەو فێركردنەوە هاتن و بە ناوی “مامۆستایانی شۆڕش” دەرگای قوتابخانەكانیان لە سەرانسەری ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستاندا كردنەوە.
هاوینی 1360ی هەتاوی (1981ی زایینی)و بە شوێن پەسندكرانی گەڵاڵەی فێركردن و بارهێنانی كوردستان لە لایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە، بە مەبەستی خەبات دژی نەزانی و نەخوێندەواری و پەرەپێدانی زانست و زانیاری لە بەشە ڕزگاركراوەكانی كوردستاندا، چەندین خولی پێگەیاندنی «مامۆستای شۆڕش» لە لایەن بەڕێوەبەریی كۆڕی پەروەردەوە، پێك هات.
بەم جۆرە لە ساڵی خوێندنی 1360 ـ 1361 (1981 ـ 1982)دا، كۆڕی پەروەردە و فێركردنی سەرانسەریی كوردستان سەدان قوتابخانەی لە شارۆچكە و گوندەكانی ناوچە ئازادكراوەكاندا كردەوە و سیاسەتی داخستنی قوتابخانە و نەخوێندەوار هێشتنەوەی خەڵكی كوردستان لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوەی پووچەڵ كردەوە.
كتێبەكانی خوێندن كە لە یەكەم ساڵی خۆێندندا، كەڵكیان لێ وەرگیراوە، هەر ئەو كتێبانە بوون كە لە شارو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمدا خوێندراون. دیارە كۆڕی پەروەردە و فێركردن هەر بۆ ئەم ساڵەش، فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی كوردیی، وەكوو دەرسێك لە بەرنامەی كاری مامۆستاكانی شۆڕشدا داناوە. لە یەكەم خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕشیشدا، وانەیەكی تایبەت بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان لەگەڵ خوێندنەوە و نووسینی كوردیدا گونجاندوە. مامۆستایانی شۆڕش لە ساڵی خوێندنی 1360 ـ 1361 بە یارمەتیی ئەو وانەیە و نامیلكەیەكی تایبەتی، كە لە هێندێك ناوچە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كرابوو، وێڕای وتنەوەی دەرسەكانی دیكە بە قوتابیان، فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی كوردییان دەكردن. لە بارەی شێوەی وتنەوەی كتێبەكانی خوێندن بە قوتابیان، لەگەڵ ئەوەی كتێبەكان هی «وزارت ێموزش و پرورش جمهوری اسلامی ایران» بوون و بە زمانی فارسی نووسرابوون، بەڵام لەبەر ئەوەی مامۆستاكان و قوتابییەكانیش كورد بوون و خوێندن بە زمانی زگماكی یەكێك لە ئاواتە لەمێژینەكان بوو، هەر بۆیە شیكردنەوەی وانەكان لە لایەن مامۆستاو وڵامدانەوە لە لایەن قوتابیان، بە زمانی كوردی بووە.
هاوكاریی خەڵك لە گەڵ كۆڕی پەروەردە
خەڵكی گوندەكانی كوردستانیش بە دانی یارمەتی و دابین كردنی بژیوو بەڕێوەچوونی مامۆستایانی شۆڕش، ئەركی نیشتمانپەروەری و نەتەوەخوازی و ئینسانیی خۆیان بۆ راماڵینی نەخوێندەواری لە كوردستان دا دڵسۆزانەو بەرپرسانە بەڕێوە برد. هەزاران كیژو كوڕ و لاو و پیری نەخوێندەواری كوردستان بە ڕۆژ و بە شەو بەرەو قوتابخانەكان وەری كەوتن و لە ژێر سێبەری دار و ئەشكەوت و كونەتەیارە و كەپر و دەوار و مزگەوت و كۆنە قوتابخانەكان دا، بۆ خوێندن بە زمانی زگماكی خۆیان ئاوردوویان بۆ سەنگەری ڕووناكی دەبرد.
تەنانەت گەلێك گوندو شوێن كە لە نیزامی دوو هەزارو پێنسەد ساڵەی شاهەنشاهیی ئێراندا قەت خاوەنی فێرگەو قوتابخانە نەبوون، قوتابخانەی شۆڕشیان لێ كرانەوە.
پشتیوانیی خەڵكی كوردستان لە كرانەوەی قوتابخانەكان و خوێندن بە كوردی بێ وێنە بوو. بەڕاستی هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان، ئەوانەی نەخوێندەوار بوون، وێڕای تفەنگی سەر شانیان و فیشەكدانی قەدیان و توورەكە نانی كۆڵیان، كتێبی خوێندنی كوردیشیان لە كۆڵەپشتی دا بوو».
بۆ ساڵی خوێندنی 1361 ـ 1362، ژمارەی قوتابیان و ژمارەی قوتابخانەكانیش زیادیان كرد. لە گەڵ ئەوەی هێرشی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بەردەوام بوو و لەگەڵ هەر هێرشێكدا، ژمارەیەكی دیكە گوند و ناوچە دەكەوتنە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، بەڵام پیشوازیی خەڵك لە كۆڕی پەروەردە و خوێندن بە زمانی كوردی و بایەخدان بە خوێندنی منداڵان و گەورەساڵان لە پەرەگرتندا بوو. خولی نوێ بۆ پەروەردە كردنی مامۆستای نوێ و هەروەها بۆ پتر پێگەیاندنی مامۆستایانی پێشوو كرانەوە.
مامۆستایانی شۆڕش
ئەو كەسانەی لە قوتابخانەكانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگەدا بە كوردی وانەیان دەكوتەوە، پێیان دەگوترا»مامۆستایانی شۆڕش»، كە زۆربەیان كادرو پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوون و شانبەشانی بەڕێوەبردنی ئەركی پێشمەرگایەتی، كاری مامۆستایەتیشیان دەكرد. لە زۆر شوێن هێندێ فەقێ و مامۆستای ئایینییش، وەك مامۆستای شۆڕش دەرسیان دەگوتەوە.
لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 1361 ـ 1362دا كتێبی «خوێندنی زمانی كوردی» كە حیزبی دێموكرات لە وڵاتی لوبنان چاپیكردبوو، گەیشتە دەست مامۆستایان و قوتابیانی ناوچە ئازادەكان. وەك لەمەو پێش باسكرا، كۆڕی پەروەردە لە نەبوونی كتێبەكانی خوێندن بە زمانی كوردی، كەڵكی لە كتێبەكانی وەزارەتی پەروەردەو فێركردنی ئێران وەردەگرت، بەڵام كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان
تەنانەت نەیاندەهێشت كتێبی فارسی بگاتە دەستی قوتابییە كوردیخوێنەكان و بە هەموو تواناوە پێشیان بە هاتنی دەگرت.
كتێبەكانی كۆڕی پەروەردەو فێركردن:
كۆڕی پەروەردە، بەرەبەرە كتێبی دیكەی خوێندنی بە زمانی كوردی ئامادە كردن. ئەم كتێبانە بریتی بوون لە:
1ـ خوێندنی زمانی كوردی (1)، بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی
2ـ زانستی ئەزموونی بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی
3ـ ئەژمێر بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی
4ـ خوێندنی كوردی بۆ پۆلی دووەمی سەرەتایی
5ـ زانستی ئەزموونی بۆ پۆلی دووەمی سەرەتایی
6ـ ئەژمێر بۆ پۆلی دووەمی سەرەتایی
7ـ ژیان و خەبات(1) فێربوونی خوێندنەوەو نووسین، تایبەتی گەورەساڵان
8ـ «ڕێنوێنی مامۆستا» (بۆ كتێبی «ژیان و خەبات»، فێركردنی خوێندنەوەو نووسینی كوردی بە شێوەی داهێنەر.
چوار كتێبی یەكەم لەم كتێبە ناوبراوانە، ساڵی 1361 (1982) یان لە سەر نووسراوە، واتە لەم ساڵە دا چاپ بوون. پێشەكیی ئەژمێر و زانستی ئەزموونی بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی لە مانگی ڕەزبەری ئەو ساڵەدا (یەكەم مانگی كرانەوەی قوتابخانەكان) نووسراون. پێشەكیی «خوێندنەوەی كوردی» و «زانستی ئەزموونی» بۆ پۆلی دووهەمی سەرەتاییش لە مانگی ڕەشەمەی 1361 دا نووسراون.
كتێبی ئەژمێر بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی، وەرگێڕدراوی كتێبی «حساب»ی فارسیی پۆلی یەكەمە.
كتێبی «زانستی ئەزموونی» بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتاییش وەرگێڕدراوی كتێبی «علوم»ی پۆلی یەكەمی فارسییە، كە كراوە بە كوردی.
كتێبیی «ئەژمێر» و «زانستی ئەزموونی» بۆ پۆلی دووهەمی سەرەتاییش، وەرگێڕدراوی كتێبی «حساب» و «علوم»ی پۆلی دووهەم بە زمانی فارسین. كاری وێنەكێشان و خۆشنووسیی «زانستی ئەزموون» بۆ پۆلی دووهەمیش سەلاح وەهاب پوور(سامڕەند) و عومەر ئەورامی (ئاسۆ) كردوویانە. كتێبی «ئەژمێر» بۆ پۆلی 2ی سەرەتایی مێژووی پووشپەڕی 1368 (1989)ی لە سەرە و هیچ ئاماژەیەكیش بەوە نەكراوە كە بۆچی چاپی ئەم كتێبە لەگەڵ كتێبەكانی تردا نەبووە.
دوو كتێبەكەی تر (ژیان و خەبات و ڕێنوێنی مامۆستا)، ساڵی 1363 (1984) چاپكراون.
کۆمهڵه و خوێندن به زمانی کوردی
ساڵی خویندنی 1359 ـ 1360 ی هەتاوی (1980ـ1981ی زایینی) خوێندنگاكانی شارو ناوچە ئازادەكان لە لایەن حكوومەتەوە داخران. لەوسەروبەندەدا لە بۆكان، «جەمعییەتی دیموكراتیكی موعەلیمانی تێكۆشەر بۆ داكۆكی لە مافی فەرهەنگییان» بۆ داكۆكی لە مافی ئەو مامۆستایانە كە بە بۆنەی تێكۆشانی سیاسییەوە لە لایەن حكوومەتەوە لە سەر كار دەركرابوون، پێكهات. ئەم كۆمەڵەیە، پاییزی 1359(بۆ ساڵی خوێندنی1359ـ1360) خوێندنگەكانی بۆكانی كردەوە دواتر(سەرەتای پاییزی 1360) كە حكوومەت بۆكانی گرتەوە، كارنامەی ئەو ساڵە، كە «جەمعییەت» دابووی بە منداڵان، قەبووڵی كرد.
دوای گیرانەوەی بۆكان، ئەندامانی جەمعییەت لە شار هاتنەدەر. بەرێوەبەرێتیی «جەمعییەت» تا ماوەیەك لە دێی «ئاجیكەند» بوو. هەندێك مەدرەسەی لە ناوچەكانی سەقز، بانە، بۆكان، مەهاباد و سەردشت كردەوە. لە هاوینی 1361(1982) كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە، بڕیاری دا «كۆمیسیۆنی فێركردن و بارهێنانی كۆمەڵە» پێك بهێنێ.
كۆمیسیۆنی فێركردن و بارهێنانی كۆمەڵە لە ژمارەیەك لە ئاواییەكانی سەردەشت، بانە، مەهاباد، بۆكان و سەقز، سەرجەم نزیكەی 60 تا 70خوێندنگەی كردەوە.
ـ خولەكانی پێگەیاندنی مامۆستا:
یەكەم خولی ڕاهێنان بۆ ئەو كچ و كوڕە لاوانەی دەیانەویست وەك مامۆستا لە خوێندنگەكانی سەر بەم كۆمیسیۆنە خزمەت بكەن، هاوینی 1982 لە دێی ئاجیكەند، بە بەشداریی 18كەس (ژن و پیاو) پێكهات.
خولی دووهەمی ڕاهێنانی مامۆستایان هەر ئەو هاوینە لە ئاوایی سیسێر لە ناوچەی سەردەشت بەرێوە چوو. خولی سێهەمی ڕاهێنانی مامۆستایان، لە نیوەڕاستی پاییزی 1982دا، بە بەشداریی نزیكەی 20 كەس كە لە ناوچەكانی سەقز و بۆكان و مەهابادەوە هاتبوون، لە هاچیدەرێ، پێكهات.
لەو 3خولەدا، كە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایانی كۆمیسیۆنی ناوبراو پێكهاتن، چۆنیەتی وتنەوەی وانەی كوردی، شێوازی بارهێنان و مێژووی بزووتنەوەكانی كورد، وەك وانە دەگوترانەوە.
چۆنیەتیی ئامادەكرانی كتێبەكانی كۆمیسیۆنی فێركردن و بارهێنان:
ئەو كتێبانەی كۆمیسیۆنی فێركردن و بارهێنانی كۆمەڵە بۆ خوێندن لە قوتابخانەدا كەڵكی لێوەردەگرتن، هەر بۆخۆی ئامادە و چاپی كردبوون. بۆ دانانی كتێبەكانی خوێندن، نزیكەی20مامۆستایەك لەژێر ناوی» هیئت تدوین كتابهای درسی» (دەستەی دانانی كتێبەكانی خوێندن)دا ڕاسپێردرابوون. ئەم دەستەیە بە چەند گرووپ دابەش ببوون:
1ـ گرووپی خوێندنی كوردی، كە لە سەر ساغكردنەوەی ڕێنووسی كوردی كاریدەكرد و كتێبی خوێندنی كوردیی بۆ پۆلی یەكەم، دووهەم و سێهەمی سەرەتایی دەنووسی.
2ـ گرووپی گەورەساڵان، كە كتێبی خوێندنی بۆ گەورە ساڵانی نەخوێندەوار دەنووسی. گرووپەكە دوو كتێبی بۆ ئاستی یەكەم و، دووهەمی فێركردنی گەورەساڵان، بە فارسی نووسی.
3ـ گرووپی سێهەمیش دابەش ببووە سەر 3 گرووپی زانستی، ماتماتیك و كۆمەڵایەتی كە دەبوو لە سەر نووسینی پێوەندیدار بە هەر بووارێك بۆ قۆناغی سەرەتایی كار بكەن.