حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “سگریک” سەر بە شاری “چاڵدران”، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “نەجەفزادە”، بە تۆمەتی “بەغی” و “ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردی”، کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ دەرکراوە.
حەمید حوسێن نژاد، ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە سنووری چاڵدران لەلایەن هێزەکانی سنوورپارێزیی ئێران دەسبەسەر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. ناوبراو زیاتر لە ١١ مانگ لەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجەی توندی ڕۆحی و جەستەییدا بووە.
شایانی باسە کە؛ ئەم هاونیشتمانییە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا تەنیا دوو جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.