یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بە ناوی “پژمان سوڵتانی”، بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی تایبەتی مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێ، بە سێدارە حوکم درا.
هەروەها “ڕزگار بەیگزادە بابامیری و عەلی (سۆران) قاسمی” بە تۆمەتی “بەشداری لە کوشتن”، بە ڕیز بە ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندی تەعزیری حوکم دران. “کاوە ساڵحی”ش تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بێتاوان ناسێندرا.
دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە، ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە لقی یەکی دادگای کەیفەریی تایبەتی مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێ بەڕێوە چوو و ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار حوکمی دەرکراویان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێ ڕاگەیەندرا.
هەروەها دۆسیەیەکی دیکە دژی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە و “جەوانمەرد مام خوسرەوی” لە دادگای شۆڕشی ورمێ کراوەتەوە و بەرەوڕووی تۆمەتگەلی وەک “موحاربە، بەغی، ناردنی دەرمان و قاچاخی ستارلینک” کراونەتەوە.
شایانی باسە کە عەلی (سۆران) قاسمی ٢٨ ساڵە، پژمان سوڵتانی ٣٢ ساڵە و کاوە ساڵحی ٤٢ ساڵە، ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بەبێ حوکمی دادوەر لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.
هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری ٤٦ ساڵە، ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بەبێ حوکمی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
دوو ڕۆژ دواتر، “جەوانمەرد مام خوسرەوی”ش لە بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ئەم پێنج هاونیشتمانییەی خەڵکی بۆکان کە چەندین مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکدا بوون، لەم ماوەیەدا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیشیان بێبەری کرابوون و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرابوون.