لقی ٣٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی “قاسم حوسێنی کوەکەمەری”، حوکمی سێدارەی “ئازاد شوجاعی”، هاونیشتمانیی خەڵکی شاری سەردەشت بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” پشتڕاست کردەوە و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاند.
ئازاد شوجاعی لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی “ئیدریس ئالی” و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد” خەڵکی سلێمانیی باشووری کوردستان، پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم سێ هاونیشتمانییە، لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی کەڵکیان وەرگرتووە و دوای زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکردنی کاتی، بۆ یەکەمجار ئیزنیان پێ دان کە پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێت.
بەپێی زانیارییەکان؛ ئەم سێ هاونیشتمانییە کە کۆڵبەر بوونە، تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و “جێبەجێکردنی کەلوپەلی کەڵکوەرگیراو لە کوشتنی “فەخریزادە”یان خراوەتە پاڵ کە هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردووەتەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادیشی کرد: ئەم سێ هاونیشتمانییە دوای زیاتر لە ٨ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کراون، هەروەها دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاونیشتمانییە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچوو و سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ هەرسێکەیان ڕاگەیەندرا.
ئەم سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە: ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو بێبەش کراون و دوای ناردنی دۆسیە بۆ دادگای شۆڕش، ئیزنی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراویان پێ دراوە.
“ئەسغەر جەهانگیری”، وتەبێژی دەزگای داد، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لە پرێس کۆنفڕانسێک لەگەڵ هەواڵنێران، لەبارەی دۆسیەی کوژرانی فەخریزادە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە ڕایگەیاند: “لەبارەی سێ کەسی ناوهێنراو، پرۆسە دادوەرییەکان لە قۆناغی دادسەرایی و دادگایی لە دادگای شۆڕشی ورمێ جێبەجێ کراوە و لە قۆناغی سەرەتاییدا ئەم سێ کەسە بە سێدارە حوکم دراون و دۆسیەکە لە قۆناغی داخوازی بۆ پێداچوونەوەیە.”
ئازاد شوجاعی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لەگەڵ سنووردارکردنی جیددی بەرەوڕوو ببووەوە و بۆ ماوەی ٨ مانگ لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە. ناوبراو لەم ماوەیەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.