لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی “دیاکۆ عەزیزی” خەڵکی گوندی بابخاڵاوێ، “لوقمان زەنگی (عەرەب)” و “سیامەند زەنگی (عەرەب)، خەڵکی گوندی کانی سۆرک سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئەنساری”، هەر کامیان بە ١٦ مانگ بەند حوکم دران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری چاونیوزی گوت: ئەم سێ هاونیشتمانییە بە “پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” تۆمەتبار کراون.
ئەم سێ هاونیشتمانییە بەرەبەیانی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، بەبێ حوکمی دادوەر و بە شێوەیەک توندوتیژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ کرابوون.
شایانی باسە کە؛ لوقمان و سیامەند زەنگی (عەرەب) باوک و کوڕ، هەروەها دیاکۆ عەزیزیش دوای مانگێک بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرابوون.