حوکمی لەداردانی ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنەدا بەندکراوە، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
حوسین ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ڕامین حوسێن پەناهی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەو حوکمە چەند ڕۆژ پێش لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی بەرزی وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و بەو پێیەش ئەگەری ئێعدامکرانی ناوبراو بەهێزتر بووە.
ڕامین حوسێن پەناهی پووشپەڕی 1396ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ٥ی ڕیبەندان لە تەنیا یەک دانیشتنی دادگادا بە تۆمەتی محاربە لە ڕێگەی ئەندامەتیی کۆمەڵەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بڕیارە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەریی سەعیدی درا.
شایانی باسە حوکمی لەداردانی ئەو بەندکراوە کوردە لەحاڵێکدا بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە کە ناوبراو حاشای لە هەموو ئەو تۆمەتانە کردوە کە خراونەتە پاڵی بەتایبەت بەشداری لە شەڕی چەکدارانە و پاریزەری ناوبراویش ڕایگەیاندوە کە ئەم حوکمە چاوەڕواننەکراو و نادادپەروەرانەیە.