بەرەبەیانی هەینی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، حوکمی ئێعدامی چوار زیندانی بەناوەکانی “وەفا هەنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازو و نەسیم نەمازی” کە بە تۆمەتی “هاوکاری و پێوەندی سیخوری بە قازانجی ئیسرائیل” گیرابوون، لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا و تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراوە.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لقی ٣٩ی دیوانی بەرزی وڵات، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییەی خەڵکی ورمێی پشتڕاست و حوکمی ئێعدامی مەنسوور ڕەسووڵی هاوکاری سپای قودسی پاسداران، تۆمەتبارەکەی دیکەی ئەو کەیسە، هەڵوەشاندەوە.
هەروەها پێنج هاونیشتمانی دیکەی ورمێ بەناوەکانی”کامران هەنارە، فەخرەددین دودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمان نژاد گندوک مەلا و ئەمیر موشتاق گەنگەچین” کە لەو کەیسەدا بوون، هەرکام ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
ئەو هاونیشتمانیانەی کە لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ١٤٠٠ دا دەسبەسەر کرابوون، هەرکامیان بۆماوەی چەند مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بەندی ٢٠٩ی ئێڤین ڕاگیرابوون و دوای تەواو بوونی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابوونەوە.
جێگای ئاماژەیە کە؛ نەسیم نەمازی ژنێکی بە ڕەگەز تورکە و مەنسوور ڕەسووڵیش قاچاغچی ماددە هۆشبەرەکان کە ساڵی رابردوو دوای فیلمی داپێدانان لەلایەن هێزەکانی مووسادەوە لە ورمێ بڵاو کرایەوە، هاوکاری هێزەکانی قودسی سپای پاسدران بوو.