جێگری پلاندانان، چاوەدێری و ڕێکخستنی کاروباری ئابووریی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ دەڵێ کۆڵبەر قاچاغچی نییە. قسەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد لە کوردستان هەر بە تاوانە دەدرێنە بەردەسڕێژی گوللە.
سەید عەلیڕەزا گوڵستانیزادە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ قوربانعەلی سەعادەت، پارێزگاری ورمێدا ئیدیعای ئەوەی کردوە کە دەوڵەت بە تەواوی لە خەمی ژیان و بژیوی کۆڵبەران و رێکخستنی کاروباری ئەوان لە ناوچە سنوورییەکانە، ئەو ئیدیعایەش لە کاتێکدا دێتەبەرباس کە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانیشدا هەر وەک ساڵانی پێشوو بەشی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردی ناوچە سنوورییەکان هەر فیشەک و ڕقی سروشت بووە و هیچ گۆڕانێک بە قازانجی ئەوان نەکراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە پەراوێزی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی سنووری کێڵێ لە سەردەشت کراوە، پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندوە کە لەگەڵ بە ڕەسمی کرانەوەی ئەو سنوورە زیاتر لە دوو هەزار هەلی کاریی نوێ دروست دەبێ. قوربانعەلی سەعادەت لە کاتێکدا ئەو قسانە دەکا کە کۆڵبەری ناتوانێ کار و پیشە بێ و کۆڵبەرانی کورد بەهۆی بێکاری و لە ڕوی بێدەرەتانییە ڕوویان لەو کارە پڕ مەترسییە کردوە.
ئامارە ڕەسمییەکانی دەوڵەت دەڵێن نیزیک بە 16 ەهزار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشووری کوردستان بە کۆڵبەرییەوە سەرقاڵن، بەڵام سەرچاوە نێوخۆییەکان دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی کۆڵبەران و کاسبکاران زۆر لەوە زیاترە کە ناوی هاوتووە.
شایانی باسە لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەر نەبێ 52 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و لەوەندە کەسە 25 کەسیان راستەوخۆ بە گوللەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و 27 کەسیش بریندار بوون.