گوشار خستنەسەر چالاکانی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کرماشان بە تەقەکردن، دەسبەسەرکردن، بانگکردن و هەڕەشەکردن لە هاونیشتمانییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “موجتەبا وەیسی”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر و تا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەک لە کرماشان بە چاونیوزی گوت: دوای ئەوەیکە کۆمەڵگەی مەدەنیی کرماشان و چالاکانی فەرهەنگی خۆیان بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ئامادە دەکرد، هێزە ئەمنییەکان بە بانگکردن و هەڕەشەی تەلەفۆنی لە چالاکانی ئەم بوارە، بەڕێوەبردنی هەرجۆرە ئاهەنگێکی نەورۆزی لەلایەن ئەوانیان بە نایاسایی ڕاگەیاندووە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و بەڕێوەچوونیان لەژێر دەستی دەسەڵاتدا بێت و لەگەڵ بنەماکانی کۆماری ئیسلامی یەک بگرنەوە، بەڵام بەو ئەزموونەی کە هەیە، خەڵک لە بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمانە خۆیان دەبوێرن. دەسبەسەرکردنی “موجتەبا وەیسی”ش لە درێژەی ئەم گوشارانە بووە.
لەم پەیوەندییەدا و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم ٧ هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە مافی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانیان نییە. هەروەها هێزی ئینتزامی تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ماشینی هاونیشتمانییەک کردووە و شۆفێرکەی بە ناوی “بەهمەن ڕەزایی” دانیشتووی گەڕەکی “دەڕەدرێژ”ی ئەم شارە دەسبەسەر و دوای وەرگرتنی واژۆ و بەڵێننامەی نووسراوە لەسەر ئەوەی کە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەشداری ناکات و تەبلیغشیان بۆ ناکات، ئازادیان کردووە. ئەم هاونیشتمانییە لەسەر پەیجی ئینیستاگرامیی خۆیی بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆزێکی بەشکۆ تەبلیغی کردبوو.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆرینە شارەکانی کوردستان، چالاکانی فەرهەنگی و نەورۆزی، بانگ کراون یان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و لانیکەم ١٠ هاونیشتمانیش لەم پەیوەندییەدا دەسبەسەر کراون.
نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانەوە بە “نەورۆزی خاکیپۆشان” ناو نراوە و خەڵک بە کەواوپانتۆڵی خاکی و جامانە و هەورییەوە و بە شادی و هەڵپەڕکێوە و بە سروودی نیشتمانی لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەشداری دەکەن.
وێنە؛ مەجتەبا وەیسی
