چاونیوز: كۆڕی گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌پێی بڕیاری (54/134) له ڕۆژی حه‌ڤده‌ی دێسامبری ساڵی 1999دا ڕۆژی 25ی نوامبری به ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژيی دژی ژنان دیاری كردووه و داوا له حكوومه‌تان، ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێكخراوه ناحكوميیهكان ده‌كا كه چالاكییه‌كانیان له پێناو بردنه‌سه‌ری وشیاریی گشتی سه‌باره‌ت به‌و پرسه ڕێك بخه‌ن. هه‌روه‌ها كۆڕی گشتی له ساڵی 1933 به‌پێی بڕیاری ژماره (104/48) داوا ده‌كا توندوتیژی دژی ژنان بنبڕ بكرێ و له هه‌مان كاتدا پێناسه‌ی توندوتیژی ده‌كا به‌وه‌ی كه بریتییه له هه‌ر كردارێكی توندوتیژ كه ببێته مایه‌ی ئازار و ئه‌زیه‌تی ژنان له باری جه‌سته‌یی یان ده‌روونی.
كێشه‌ی توندوتیژی دژی ژنان پرسێكی جیهانییه و له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان به شێوه‌ی جۆراوجۆر و به ئاستی جیاواز ده‌بینرێ. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌و باره‌وه دراوه و به‌تایبه‌تی دیارترینیان كه بریتییه له هه‌وڵی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ده‌ركردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو شێوازه‌كانی جیاكاری دژی ژنان له ساڵی 1979، تا ئێستاش نه‌توانراوه بنه‌مایه‌كی پته‌و بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دابڕێژرێ كه ده‌وڵه‌تان پابه‌ند بكا. به‌پێی نێوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو شێوازه‌كانی جیاكاریی دژی ژنان، توندوتیژی دژی ژنان گه‌وره‌ترین پێشێلكارییه بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و به ڕێژه‌ی جیاواز له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا ده‌بینرێ. ئه‌وه له كاتێكدایه زۆربه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه به‌هۆی نه‌بوونی سزا بۆ پێشێلكار و هاوكات بێده‌نگی و هه‌ست به شووره‌یی كردنی ژنان ته‌نانه‌ت تۆمار ناكرێن.
هۆكاره‌كانی ڕه‌خساندنی ئه‌و به‌ستێنه زه‌ینی و عه‌ینیه‌ی كه تێیدا ژنان ده‌بنه قوربانیی ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی، زۆرن، وه‌ك هۆكاری فیزیۆلۆژی، هۆكاری ئایینی، هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد. هه‌رچی كۆمه‌ڵگە ئه‌ركی زیاتر بۆ ژنان پێناسه بكا یان به ڕوویه‌كی دیكه‌دا هه‌رچی ژنان ئهركوهخۆگرتر بن له ئاست پرسه سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌وا ماف پارێزراوتر ده‌بن. به‌و مانایه كه ویستی مافخوازیی ژنان ئه‌و كاته به‌رهه‌مدار ده‌بێ كه له پێناویدا خه‌بات بكا و خۆی شێوازی ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی هه‌ڵبژێرێ و چاره‌نووسی خۆی بنووسێته‌وه. له‌ڕاستیدا لێره‌دا پێوه‌ندییه‌كی هۆكارێتیی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ئه‌رك و ماف‌دا هه‌یه، بەو پێیە ده‌توانین بڵێین ئه‌رك هه‌مان خه‌باته له‌پێناو ئازادژیان و یه‌كسان ژیاندا و له‌ولاشه‌وه ماف بریتییه له بردنه‌سه‌رێی توانای هه‌ڵبژاردن له ژیاندا.
یه‌ك له كه‌ڵكه‌ڵه فكرییه‌كانی كۆمه‌ڵناسان گرینگیدانه به پێگه‌ی سۆبژێكتیویتهی ژنان له كرده‌وه ڕۆژانه‌كان و به گشتی له چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. به شێوه‌یه‌ك كه هه‌رچی ژنان له كۆمه‌ڵگەدا وه‌ك بكه‌رێكی چالاكتر و كاریگه‌رتر ده‌ركه‌ون، كۆمه‌ڵگە به هه‌مان ڕاده گه‌شه‌سه‌ندووتر به ئه‌ژمار دێ. له‌وانه‌یه ئه‌و گوزاره‌یه له سه‌ره‌تادا جۆرێك له زێده‌ڕۆیی تێدا به‌دی بكرێ، به‌ڵام كاتێك بیر له ئازادكردنی وزه و توانای نیوه‌ی كۆمه‌ڵگە دێته گۆڕێ، هاوكێشه‌كه ڕوونتر ده‌بێته‌وه. به تایبه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی كه له حاڵی گه‌شه‌دان، سۆبژێكتیویتهی ژنان گرینگتر و بهرههستتره. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌دا پسپۆڕیی ژنان له چالاكییه جیاوازه‌كاندا دیارده‌یه‌كی نوێ و له هه‌مان كاتدا گرینگه. ته‌نیا به‌شداریی ژنان له چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به مانای به سۆبژێكتیو بوونی ژنان نییه. به‌ڵكوو ئه‌وه بڕیاره بنه‌ماڵه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن ژن ده‌خه‌نه خانه‌ی كاریگه‌ر بوونه‌وه، واته ژن نه ته‌نیا ده‌بێ چالاكیی ئابووری بكا، له هه‌مان كاتدا ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه ئابوورییه‌كه بێ، به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكییه سیاسی و فهرههنگییهكه بێ، بڕیاری كۆتایی له ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی بدا. كاتێك ژن كۆنتڕۆڵی ژیان ده‌كا و دستی به سه‌رچاوه‌كان ڕاده‌گا، هه‌ست به سه‌ربه‌خۆیی و باوه‌ڕبه‌خۆ بوونی تێدا له‌دایك ده‌بێ و وێنایه‌كی به‌هێزتر له خۆی له زه‌ینیدا ده‌كێشێته‌وه كه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فكری و مادی. به‌رزبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی ژنان ده‌بێته هۆی دابه‌ش كردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی هێز له بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگەدا. ئه‌و دابهشكردنهوهیه له به‌رژه‌وه‌ندیی ژنان، له‌وانه‌یه وه‌ك وێنایه‌كی نه‌ریت شكێنی ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ببێته‌وه، به‌ڵام له كۆتاییدا به زه‌بری هێز سه‌قامگیر ده‌بێ و هاوسه‌نگییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ره‌نجامی دابه‌شبوونی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌رچاوه‌كان له نێوان دوو ڕه‌گه‌زدا سه‌رهه‌ڵده‌دا. سۆبژێكتیویتهی ژنان پڕۆسه‌یه‌كه كه تێیدا ژنان سه‌رچاوه كاریگه‌ره‌كان ده‌دۆزنه‌وه كه بریتین له په‌روه‌رده، دارایی ماڵی و پشتگیریی خێزانی. ئه‌و پاڕادایمانه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌بنه هۆی تواناسازیی ژنان و توانای هه‌ڵبژاردنی ژنان له ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ ڕێژه‌ی توندوتیژی دژی ژنان داده‌به‌زێنێ و سه‌ره‌نجام ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه. واته كاتێك باس له توندوتیژی ده‌كه‌ین پێویسته ڕیشه مێژوویی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بده‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی كاردانه‌وه‌یی و ناعه‌قڵانی به‌ره‌وڕووی ئه‌و پرسه نه‌بینه‌وه.
به‌شدار نه‌بوونی ژنان له هه‌موو كایه‌كانی ژیان و به‌تایبه‌تی كایه سیاسی، ئابووری، كولتووری و به گشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگەیه له هه‌موو ڕهههندهكانیدا. به به‌راوردێكی خێرا له نێوان ئاستی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو و وڵاتانی له‌حاڵی گه‌شه‌دا ئه‌و گوزاره‌یه پشتڕاست ده‌بێته‌وه كه پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگە به تواناسازی و ئازاد كردنی پتانسیه‌لی ژناندا تێپه‌ڕ ده‌بێ. هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تای شۆڕشی پیشه‌سازی له ڕۆژئاوا هێزی كاری ژنان زیاتر وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهێنان سه‌یر ده‌كرا، به‌ڵام ده‌بینین له درێژه‌ی ده‌سكه‌وته ماددییه‌كانی ژناندا، به‌ستێنێكی گونجاو بۆ مافخوازیی ژنان له‌دایك بوو كه به‌ره‌به‌ره سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاند كه ناكرێ به‌بێ به‌شداریی ژنان سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێته كایه‌وه. ده‌سكه‌وتی ژنان له‌و سه‌رده‌مه‌دا گۆڕانكاری نه‌بوو له ڕوانینی كۆمه‌ڵگە به دۆخی ژنان و ته‌نانه‌ت مافێكی ئه‌وتۆی بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد (وه‌ك مافی خاوه‌ندارێتی)، به‌ڵكوو هه‌لی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ڕه‌خساند، ئه‌ویش به‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ی ژنان له یه‌كه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا. به‌دوور له نرخاندنی هه‌ر چه‌شنه سیسته‌مێكی سیاسی و ئابووری، هێزی كاری ژنان ده‌ورێكی گه‌وره‌ی له وه‌به‌رهێنانه ماددی و فكرییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مدا گێڕا. به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای هه‌ڵبژاردنی ژنان، ده‌ره‌نجامی به‌رهه‌مهێنه‌ر بوونیان بوو له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی ئابووریدا. له هه‌مان كاتدا نابێ ئه‌و ڕاستییه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه ستڕاكچێری نوێی به‌رهه‌مهێنان بوو به یه‌ك له هۆكاره‌كانی زیاتر چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان له كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه ڕوخساری جیهان له گۆڕاندا بوو، ئه‌و ژانه مێژووییه بوو كه ده‌بوو ژنان ئه‌زموونی بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕبوون له‌و كۆت و به‌ندانه‌ی وه‌ك نه‌ریتێكی جێگیر و پته‌و چه‌سپابوون.
به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەكان به ڕایه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی وه‌ك پێویستیی ئه‌و قۆناغه له مێژوو، ده‌روازه‌ی نوێی بۆ ژنان كرده‌وه كه له بەردەوامیی خۆیدا بزووتنه‌وه‌كانی ژنانی لێكهوتهوه. ئه‌و بزووتنه‌وانه به‌تایبه‌ت له نێوان دوو جه‌نگی جیهانیدا توانییان مافی ده‌نگدانی ژنان له ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له وڵاتانی ڕۆژئاوایی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. وه‌دیهاتنی مافی ده‌نگدان و مافی موڵكدارێتی له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی سۆبژێكتیویتهی ژنان بوون كه به درێژایی سه‌ده‌ی بیست ڕوخساری كۆمه‌ڵگە گهشهسهندووهكانیان گۆڕی.
هه‌ر چه‌ند له ئێران‌دا له چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا شه‌پۆله‌كانی مۆدێڕنیزم و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه مۆدێڕنه‌كانی وه‌ك قوتابخانه و زانكۆ و ناوه‌نده ڕووناک‌بیری و ته‌ندروستییه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك به‌ستێنی به‌شداریی ژنانی له حه‌وزه‌ی گشتیدا فه‌راهه‌م كردوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا غیابی مۆدێڕنیته‌ی سیاسی و حكوومه‌تی وڵامده‌ر ڕێگر بوون له به‌رده‌م گه‌شه‌ی سۆبژێكتیوی ژنان. به‌تایبه‌ت به‌دوای هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی و ده‌سه‌ڵاتداریی دینی له ئێران‌دا، ژنان زیاتر له پێشوو كه‌وتنه په‌ڕاوێزه‌وه. به‌شێوه‌یه‌ك كه زاڵبوونی گوتاری ئایینی له دوو ده‌یه‌ی یه‌كه‌می دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 57، وای كردبوو ژنان بۆخۆیان ته‌سلیمی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی بن وه‌ك به‌شێك له ڕێنماییه‌كانی ئایین (به‌و خوێندنه‌وه زاڵه‌ی له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا). به دوای كرانه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ڕۆژئاوا به‌ڕووی خه‌ڵكی ئێران‌دا كه به‌رهه‌می گه‌شه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی گرتن بوو، دۆخه‌كه گۆڕانێكی ڕێژه‌یی به‌سه‌ردا هات و ئێستا ئێمه شاهیدی بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌عریفی – مه‌یدانیی ژنان له ئێرانداین كه سه‌ره‌ڕای گوشار و سه‌ركوتی ناوه‌نده ئهمنییهتییەكان له گه‌شه‌ی به‌رده‌وامدایه.