بەیاننامەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر توندووتیژییەکانی ئەم دواییه ی شاری مەریوان کەلەلایەن دەستەیەک لە تووند ئاژۆ کانی بەناو تاقمی سەلەفی ڕوویدابوو.
خەڵکی بەڕێز و بە ئەمەگی مەریوان ،هەروەها کە ئاگادارن،لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەن کردەیەکی توندووتیژ لە شارەکەماندا ڕوویدا کە بوو بە هۆی شڵەژان و بریندارکردنی هەستی خەڵک و نیگەرانی ڕای گشتی.
ئەم کردەوە ناشیرینانە کە بوو بە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێک چوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی،لە نیۆ کومەڵگاو بنەماڵەکان،لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری پەیامێکی خراپ و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ژیانی ئاشتیانە و تەبایی و پێکەوە بوونمان.
هاووڵاتیانی بەڕێز، شاری مەریوان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازی پێکەوەبوون و ژیانی مەدەنی و ئاشتی و فرە چەشنی بووە،ئەم دەڤەرە بە هۆی جووڵەی فکری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەمیشە شارێکی زیندوو و ئەکتیڤ بووە،مووزائیکی فکر و کەلتوور و ڕێکخراوی جیاواز بووە،بە درێژایی مێژوو، ئەم شارە ئامێزی کراوە بووە بۆ ڕەنگ و دەنگی جیاواز و هیچ کات ئەم جیاوازیانە نەبوەتە هۆی کێشە ی کۆمەڵایەتی،ململانێ و لێکترازان.
بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای پرنسیبی پێکەوەژیانی دموکراتیک و یەکتر قبووڵ کردن و ڕێزدانان بۆ ڕای یەکتر، ژیانیان بە ڕێ کردووە..
ئێمە لەو بڕوایەداین ،لەسەردەمی ئەمڕۆ و بەم ئاستە لە پێشکەوتن کە مرۆڤ بە دەستی خستووە.ئێتر کەلتوری سڕینەوە و هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر باوڕی ئینسان ،هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و لە لایەن ڕای گشتی جەماوەر، مایەی پەسەند کردن نییە.ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کوشت و بڕ هیچ جێگایەکی نە لە ئێستە و نە لە مێژووی ئێمەدا نەبووە و نایبێت.
پێویستە لە سەر بنەمای ئەو میراتە مەدەنیە کە لە سەر ڕەنج و زەحمەتی هەزاران کەس، لە زیاتر لە نیو سەدە لەم شارەدا، بۆمان بە جێ ماوە، فۆرمی ژیان و شێوازی پێوەندیەکانمان ڕێک بخەین.
پێویستە ئەم میراتە کە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازاد و حورمەت دانان بۆ یەکتر و ئاشتی کۆمەڵایەتی، پەرە پێ بدەین و گەشە بکات.
ئێمە پێمان وایە ئایین پارچەیەکی دانەبڕاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی مۆراڵی و مەعنەوی کۆمەڵگایە.هیچ کات لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا ئەرکی ئایین ترس و تۆقاندن نەبووە،بۆیە هەرچەشنە بەکار هێنانی ئایین وەک ئامراز و کەرەستە،بۆ بەرژەوەندی کەس و چین و تاقم و گرووپێک و تەنانەت دەسەڵاتیش،ڕەت ئەکەینەوە .
گەلی ئێمە خاوەن بیر و باوڕی خۆیەتی ،ئایین بە جۆرێک لە گەڵ ژیانی نەتەوەیی و داب و نەریتی ئێمە خۆی گونجاندووە و بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شایەنی ڕێزگرتنە.بەڵام بە کار هێنانی دینیش لە ژێر هەندێ ناوی شاراوە و نهێنیدا،بۆ بە دەست خستنی هەژموونی کومەڵایەتی و سیاسی وهتد جێگای پەسەند نییە.
لەم چوارچێوەدا ئێمە بە کارهێنانی تووندوتیژی(خشونت)
له هەر فۆرم و بە هەر شێوازێک شەرمەزار و ئیدانە ئەکەین.
جێگای خۆیەتی هەر لێرەوە لە بەرپرسانی خۆجێی و لۆکاڵی ئەم شارە ڕەخنە بگرین،کە هەرگیز لەم بوارانەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی و ئیجابیان نەگێڕاوە وخۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە.و نەیانتوانیوە باوڕ و متمانەی خەڵک بە دەست بهێنن.
لەم سۆنگەوە ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان،بە هەست کردن بە بەرپرساریەتی مێژوویی،و بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەستیاری ناوچەکەمان،داوا لە هەموو چین و توێژەکان،چالاکانی کۆمەڵاێەتی و مەدەنی،مامۆستایانی ئایینی،و کەسانی خاوەن پێگە و مەرجەع ئەکەین کە بێ دەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆێان جێبەجێ بکەن.و ڕۆڵیان هەبێ لە یەکڕیزی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی شارەکەمان.و ئەرکی مێژوویی خۆیان جێ بەجێ بکەن.
16گۆڵانی 1400،شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان.
🔹ئەنجومەنی فەرهەنگی،ئەدەبی مەریوان
🔹ناوەندی فەرهەنگی،هۆنەری ڤەژین
🔹ناوەندی زانستی،فەرهەنگی ڕۆنان
🔹ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان
🔹ئەنجومەنی ژیانەوەی مەریوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر
🔹ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی رۆجیار