لەو ڕۆژەی هیرۆشیما بوو بە خاوەنی دەستە خوشک و لە تاو دەردی سەردەشت ئێش و ژانی خۆی لەیادچۆوە…
لەوڕۆژەیدا کە ئەو ڕۆڵانەی بە تاوانی کورد بوون ڕیز کرابوون تا زیندەبەچاڵ بکرێن، لەسەر لێواری چاڵەکانی ئەنفالی بیابانەکانی ڕۆمادی و پێش ئەوەی بە زیندوویی خاکیان وەسەرکرێ و سیەکانیان پڕ بێ لە خیزی بیابان، ئاوڕێکیان دایەوە تا دوایین فرمێسکیان بۆ شارێک بڕێژن کە هەناسەبڕکەی گرتبوو و لە نێو کەفی دەم و پۆرگەکانی جەستەی زامداری دا دەگەوزا.
لەو ڕۆژەی مرۆڤایەتی سەری شۆڕ بوو لە شوورەیی ئەو کارەساتەی نەیارە دڕندەکانی بەسەر سەردەشتیان هێنا…
دیسان لێک کۆدەبینەوە؛
کۆدەبینەوە تا فرمێسکی قەندیل لە سەر گۆڕی شەهیدانی سەردەشت هەڵوەرێنین…
کۆدەبینەوە تا خەمەکانی سەردەشت لە سەر کۆڵی خانێ دانێین کە تازە کۆڵبەریی بە باڵای هەردووکمانەوە دورواوە…
ئەوڕۆ ۷ی پووشپەڕە بە کاتی سەردەشت
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
برینداران و زامدارانی خۆڕاگری کیمیاباران!
خەڵکی بەشەڕەفی سەردەشت!
هەموو خەڵکی کوردستان!
لە کاتێکدا کە سی ساڵ بەسەر کارەساتی دڵتەزێن و نامرۆڤانەی کیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێدەپەڕێت، ئەو کەسانەی خەونی قڕکردنی گەلەکەمانیان دەبینی بە ڕەزیلانەترین شێوە کە شایەنیان بوو کەوتوونە ناو زبڵدانی مێژوو.
کە دەڕوانینە ئەو بارودۆخەی کە گەلەکەمان سی ساڵ لەمەوبەر پێیدا تێدەپەڕی و کارەساتی سەردەشت و هەڵەبجەی لێکەوتەوە، تا ئێستا ئاڵ و گۆڕێکی زۆر بەسەر ناوچەکە و جیهان دا هاتووە کە زۆربەیان لەو ڕۆژەدا چاوەڕوان نەدەکران. لەدوای ئەنفال و سەردەشت و هەڵەبجە و کۆڕەو تا دەگاتە داعش، کە هەموویان بە مەبەستی قڕکردنی گەلی کورد هاتنە ئارا، تا ئەوڕۆ کە سەربڵیندتر لە هەموو کاتێک لە مێژوودا بریندار و ماندوو لەسەر لوتکە ڕاوەستاوین، ئەوەی هەرگیز نەگۆڕاوە، پشتگوێ خرانی زامدارانی بەرکەوتووی کیمیاباران و قەرەبووی زیانلێکەوتوان و ناساندنی کارەساتەکە بە ژینۆساید و تەنانەت پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکەیە لە ئاستێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراو دا.
ئەوەی گۆڕاوە، هاتنە ئارای ژینۆسایدێکی تازەیە؛ ئەمجارەیان خەوشدار بوونی کەڕامەتی مرۆڤ و مردنیەتی بۆ وەدەستهێنانی پاروویەک نان. مردنی تاک و بە کۆمەڵی میراتگرانی کیمیاباران بە دەستی ڕنووی بەفر و هەڵدێران لە کێو و ڕەوەز و تەنانەت گولـلەی هێزە نیزامییەکانیش!!
ئەمڕۆش هەمیسان کۆبووینەتەوە تا وێڕای مەحکوم کردنی بڕیاردەران، بکەران، هۆکاران و هاوکارانی کارەساتی نامرۆڤانەی کیمیابارانی شاری سەردەشت کە بێگومان بە مەبەستی قڕکردنی گەلەکەمان ئەنجام درا و هەروەها دەربڕێنی هاودەردی و هاوخەمی خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی شاری پیرانشار لەگەڵ زامەکانی سەردەشتی شەهید، پشتیوانی خۆمان بۆ وەدیهاتنی هەموو داواکاریە ڕەواکانتان ڕابگەیەنین
ڕێکخراوە مەدەنیەکانی پیرانشار:
بنکەی ئەدەبی ڕووناک
کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار
کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار
شاخەوانانی پیرانشار
۷ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی