چاونیوز: دەسبەسەرکراوێکی خەڵکی پیرانشار بەناوی جەعفەر حەسەنزادە بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگەیەکی ئیتلاعات ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی سەروکانی سەر بە پیرانشار بەناوی جەعفەر حەسەنزادە دوای زیاتر لە پێنج مانگ ڕاگرتن و لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو هاونیشتمانییە ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژی ٩٩ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە تۆمەتی”هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی” دەسبەسەر کرابوو.
جێگای ئاماژەیە کە، ناوبراو دوای ئازار ئەشکەنجەیەکی زۆر لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گرتنگەی ئەو ئیدارەیە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی عارفیان کرابوو.