بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ژینگەپارێزانی مەریوان، بۆکان، شنۆ، بانە، سەقز، سنە و کامیاران، لە شوێنە جیاجیاکان لە ڕێورەسمێکدا یادی شەهیدانی ژینگە و نوێترین شەهیدانیان بەرز راگرت.
ڕۆژی هەینی ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان لە شەهیدانی ژینگەپارێزی چیای سەوزی مەریوان، لە بەردە زەردی بۆکان بەڕێوەچوو و یاد و ناوی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت و هاوکات وێڕای بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە، ئەندامانی ژینگەپارێزیی بۆکان داوێنی چیای بەردەزەردیان خاوێن کردەوە.
هەر وەها شاخەوانان و ژینگەپارێزانی شارەکانی بانە و سەقز بە سەرکەوتن بەسەر ئاڕبابای سەربەرزدا، یاد و ناوی ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوانیان بەرز ڕاگرت.
ئەو شاخەوانانە لە کۆتاییدا بە خوێندنەوەی سروودی “خوایە وەتەن ئاواکەی”، بەڵێنیان نوێ کردەوە کە درێژەدەری ڕێبازی هاوڕێیانی ژینگەپارێزیان بن.
لەلایەکی دیکەشەوە شاخەوانانی پێشڕەو و ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژینکۆ لەسەر لوتکەی داڵانپەر یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت و جێگای ئاماژەیە شاخەوانان میوانداری کەژەوانانی سنە و کامیاران بوون.
ئەو یاد کردنەوە بەبۆنەی گیان لەدەستدانی چوار کەس لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕیگای نێوان سەقز بۆ مەریوان گیانیان لە دەستدا بەڕێوەچوو.