چاونیوز: تێکدانی ژینگەی کوردستان و لەنێوبردنی دارستان و لێڕەوارەکانی لە لایەن کەسانی هەلپەرستەوە بەردەوامە.
ماوەی چەند ساڵێکە کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرست، هەروەها دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری جیاواز خەریکی لەنێوبردنی ژینگەی کوردستانن.
بە پێی ئەو هەواڵانەی لە لایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز بە جۆرێک خەریکی لەنێو بردنی ژینگەی کوردستانن کە بەشێکی زۆری داری دارستانەکانیان بڕیوەتەوە و بە مەبەستی خەڵوز بەکاری دەهێنن و بۆ شارە جیاوازەکانی کوردستان ڕایدەگوێزن، لە لایەکی تریش کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانیان و بەڕێوەبردنی مانۆڕە سەربازییەکانی خۆیان بەشێکی زۆر لە ژینگەی کوردستانیان تێکداوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “پاژین” کە یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی شاری بانەیە باسی لە لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی “ساڵحاوای کانیسور” ی بانە کرد، لە لایەکی تریش ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “سەوزی چیای مەریوان” لە چەند هەواڵێکدا باسی بڕینەوەی دارستانەکانی “گوێزە کوێرە” ، ” بەهەشت مستەفا” و “نەچێ ” و چەندین ناوچەی تری کرد.
شایانی باسە ئەرکی پاراستنی ژینگەی کوردستان کەوتووەتە سەر شانی بەشێک لە چالاکان و خەمخۆرانی ژینگە و نیشتمان لە ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان کە ساڵانە چەندین چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەبەن و لەم پێوەندییەدا خەڵک هۆشیار دەکەنەوە و، بۆ چەندین جار دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان ڕوو لە دەسەڵات بەرز کردووەتەوە بەڵام هیچ لایەنێکی دەسەڵات و حکوومەت خۆیان بە بەرپرسیار نازانن. *ئامادەکردنی: شەونم هەمزەیی